میدیاكانی ئێران بڵاویان كردوە، ئەمڕۆ سوپای ئێران هەزار فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی نوێی وەرگرت، بەڵام ئاماژە بەوەنەكراوە، ئەو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانانەی لە چی وڵاتێك وەرگرتووە، ئەمە لە كاتێكدا ئێران خۆی بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئەمریكا ئامادە دەكات.
ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نیمچە فەرمی ئێران سەبارەت بە وەرگرتنی سەدان فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لەلایەن سوپای ئێرانەوە زانیاری نوێی بڵاوكردەوە، ئەمڕۆ سوپای ئێران هەزار فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی نوێی وەرگرتووە، بەڵام ئاماژە بەوەنەكراوە، ئەو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانانەی لە چی وڵاتێك وەرگرتووە، فڕۆكە بێفڕۆكەوانە نوێیەكان گەیەندراونەتە چەند شوێنێك لە سەرانسەری ئێران.
ئاماژە بەوەشكراوە، تایبەتمەندییە ناوازەكانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەكە بریتین لە فڕینی مەودای زیاتر لە دوو هەزار كیلۆمەتر، هێزی وێرانكەری بەرز، توانای تێپەڕین بە ناو سیستەمی بەرگریدا و چەند تایبەتمەندییەكی دیكە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەمە نەك تەنیا تواناكانی هەواڵگیری و چاودێریكردنی سنوورەكان زیاد دەكات، بەڵكو توانای شەڕكردنی بەلەمی هەڵگری فڕۆكەی سوپاش لە بەرامبەر ئامانجە دوورەكاندا زیاد دەكات.
ئەمە لە كاتێكدا ئێران خۆی بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئەمریكا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا ئامادە دەكات.
سەرەتای ئەم مانگە ئێران دەستی بە مانۆڕی سەربازی دوو مانگی كرد، لەو ماوەیەدا سوپای پاسداران بەرگری لە دامەزراوە سەرەكییە ئەتۆمییەكانی توندتر كرد، لە ئەگەری هێرشە مووشەكی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانییەكان.
شایانی باسە، بەپێی پۆلێنكردنی هێزی ئاگرینی جیهان سوپای ئێران لە ڕووی بەهێزییەوە لە دوای ئیسرائیل لە پلەی ١٦دایە.