هادی عامری: نەوتی كەركوك هی عێراقە
  2025-01-13       656       

هادی عامری، ئەمینداری گشتی رێكخراوی بەدر رایگەیاند، هیچ كێشەیەك لەبارەی نەوتی كەركوك نییە و ئەوە یەكلابۆتەوە كە نەوتی كەركوك هی حكومەتی عێراقە. دەشڵێت، بەزوترین كات موچەی هەرێمی كوردستان چارەسەر دەبێت.

ئاوێنە: هادی عامری، ئەمینداری گشتی رێكخراوی بەدر، ئەمشەو دوشەممە، لە دوای كۆبونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسانی میدیا كوردییەكان لە بەغدا وتی، بابەتی موچەی هەریمی كوردستان بەزوترین كات چارەسەر دەبێت.

وتیشی، موچە بەڕێوەیە كێشە تەنیا موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوە بە خێرایی چارەسەر دەكرێت. هیچ كێشەیەكی سیاسی نییە لەبارەی موچە، بەڵكو ئەو كێشانەی هەن تەكنیكین.

هەروەها وتیشی، برایانمان لە حكومەتی فیدراڵی دەڵێن، كە بڕیاری دادگای فیدراڵی موچە دەداتە هەرێم لەبەرامبەر ئەوەی كە هەرێم داهات رادەست بكات، كێشە هەیە لە بابەتی رادەست نەكردنی ئەو داهاتانە پشت بەخوا چارەسەر دەكرێن.
هەروەها لەبارەی پرسی نەوتی كەركوك، هادی عامری بە میدیا كوردییەكانی وت"هیچ كێشەیەك نییە لەبارەی بابەتی نەوتی كەركوك و ئەوە یەكلابۆتەوە. نەوتی كەركوك هی ئێمەیە هی ئێوە نییە. نەوتی كەركوك هی حكومەتی فیدراڵییە."

لەبارەی راگەیەندراوەكەی دوێنێی حكومەتی هەرێم كە داوای بەشداری دەكات لە پرسی نەوتی كەركوكدا، وتی، ئێمە بەوە رازی نابین و ئەوە قبوڵ ناكەین.

وتیشی، بابەتی نەوتی هەرێم هەیە لە چوارچێوەی بودجەداو كێشەی خەرجی كۆمپانیاكان هەیە، ئەوەی كە هەشت دۆلار دانرابو بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوە، ئێستا هەمواری یاسای بودجە دەكرێتەوەو لە پەرلەمانە، هیوادارین نەوت لەڕێگەی توركیاوە بەزوترین كات هەناردە بكرێتەوە، تاوەكو عێراق داهاتی 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی لەو رێگەیەوە دەست بكەوێت.

لەبارەی دۆخی ناوچەكە و كاریگەرییەكانی لەسسەر عێراق، وتی، دۆخی عێراق سەقامگیرە، ئێمە هەمیشە دەڵێین عێراق سوریا نییە، عێراق وڵاتێكی سەقامگیرەو هێزە ئەمنییەكان كۆنترۆڵی هەمو خاكی عێراقیان كردوە، هیچ شوێنێك بۆ جێ پێی تیرۆر نییە.

سەبارەت بەو قسانەی كە دەوترێ گوشار هەیە لەسەر عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەكدارەكان، وتی، ئەوە هەموی درۆیە، ئەوە بڕیارێكە پەیوەندی بە عێراقەوە هەیەو رێگەنادەین كەس دەستوەردان لەوبارەیەوە بكات و كەسیش دەستوەردانی نەكردوە.

هادی عامری جەختیشی كردەوە كە هیچ كێشەیەك لەنێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵیدا نییە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×