بەپێی وتەی سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بەغدا بە مەرج مووچەی مانگی یەک دەنێرێت، پەیوەست بە مووچەی مانگی ١٢ەوە ناوبراو دەشڵێت "بەغدا ٤٤١ ملیار دیناری ناردووە و لەداهاتی نانەوتی کورتهێنانی مووچەی مانگی ١٢ تەواو بکەن".
ئاوێنە: رۆژی سێشەممە، سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەرییە لە لێدوانێکدا بە میدیای پارتی وت "ئەمڕۆ سەردانی وەزارەتی دارایی عێراقمان کرد، بۆ بەدواداچوونی پرسی ژمارە جیاوازەکانی نێوان وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەو ئامارە جیاوازانەی بڵاوکرانەوە سەبارەت بە تەرخانکراوەکان، پارەدارکردن و ئەوەشی کە نێردراوە، هەروەها پرسیارمان کرد کە بۆچی لێبڕین لە مووچەی مانگەکانی ١٠، ١١، و ١٢ی هەرێمی کوردستان و چارەنووسی مووچەی مانگی ١٢".
وتیشی "وەزارەتی دارایی لە وەڵامی پرسیارەکانی ئێمەدا وتیان؛ بەپێی خەرجکراوی كردەیی (ئینفاقی فعلی) تێپەڕاندن هەیە لە لیستی مووچە لە بودجەی هەرێمی کوردستان".
تاوەکو ئێستا عێراق تەنیا ٤٤١ ملیاری بۆ مووچەی مانگی ١٢ـی ساڵی ٢٠٢٤ ناردووە. سۆران عومەر لەوبارەیەوە ئاشکرایکرد "ئەمڕۆ لە وەزارەتی دارایی عێراق بەڵگەکانیان خستەڕوو وتیان؛ هیچ پارەیەکی دیکە بۆ مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ نانێردرێت و ژمێرکاری داخراوە".
پەیوەست بە مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵیشەوە، ناوبراو مەرجەکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت "بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەم، سەرۆک وەزیرانی عێراق نوسراوی کردووە کە مووچە بەجێبکرێت (تەوتین)، عێراق کۆمەڵێک مەرجی داناوە بۆ مووچەی مانگی یەک گرنگترینیان بەجێکردنە ئەگەرنا مووچەی مانگی یەک کێشەی بۆ دروست دەبێت".
دەشڵێت "عێراق داوادەکات کێشەکانی لیستی مووچە چارەسەر بکرێت بە گشتی کێشە لە لیستەکان هەیە، گرنگترینیان لیستی ژمێریاری، ژمارەی وەزیفی و بایۆمەتری و (UPN).
لەبارەی هاوتاکردنی مووچە بە عێراق سۆران عومەر وتیشی "عێراق دەڵێت؛ بابەتی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان لەلایەن لیژنە هاوبەشەکەی نێوان هەردوو وەزارەت هێشتا بڕیاری لێنەدراوە، ئێمە بۆ هاوتاکردن بودجەی تەرخانکراومان نەبووە هەرێم یەکلایەنە ئەو خەرجییەی کردووە، کە لە مووچەی خانەنشینی شارستانی مانگانە ٩٢ ملیار دینار زیادەی خەرجکردووە".
ئەوەشی خستە روو، "وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت؛ هەموو مانگێک ١٠٪ لێبڕینمان کردووە بۆ خانەنشینی و بەپێی خەرجیی کردەیی مامەڵەمان کردووە. هەرێمی کوردستان داوای ٤٣٠ ملیار گواستنەوەیان کردبوو بۆمان کردوون، ٤٤١ ملیاریش بۆ مووچەی مانگی ١٢ـی ٢٠٢٤ نێردراوە، بۆیە مووچەی هەرێمی کوردستان تەواو بووە".
کۆتاجار هەرێمی کوردستان داهاتی مانگی حوزەیرانی بۆ عێراق ناردووە. ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق وتی "بەغدا داوادەکات کورتهێنانی مووچەی مانگی ١٢ بە داهاتی ناوخۆ پڕبکەنەوە چونکە شەش مانگە بۆیان نەنێردراوە".