بەپێی وتەی جەبار یاوەر ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، تائێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، هاوکات ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەمریکا و ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی دیکە داوایان لەو گروپەیە کردووە هەندێک گروپی وەکو مقاوەمە کۆنتڕۆڵ بکەن "ئەگینا هێرشیان دەکەنە سەر".
ئاوێنە: جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی وت "هیچ بڕیارێک لە هیچ ناوەندێکی دەسەڵاتی عێراق، هیچ داواکارییەک لە فراکسیۆنێکی سیاسی، وە هەروەها هیچ داواکارییەکی نێودەوڵەتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی بوونی نییە".
ناوبراو وتیشی "ئەمریکا، ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی ئەوروپا داوایان لە عێراق کردووە هەندێک گروپی حەشدی شەعبی بەناوی مقاوەمەی ئیسلامی کە بنکە و بارەگاکانی هەوپەیمانان لە عێراق، سوریا و باکوری ئیسرائیل بەئامانج دەگرن کۆنتڕۆڵ بکرێن".
بەوتەی جەبار یاوەر بێت، لەلایەن ئیسرائیلەوە داوا لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کراوە، وە ئەو وڵاتە تەنانەت لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش سکاڵای پێشکەشکردووە. کە ئەگەر عێراق ناتوانێت کۆنتڕۆڵی ئەو گروپە چەکدارانە بکات کە پەیوەندیان بە حەشدەوە نەماوە و پێشر حەشد بوون، ئێستا بوون بە مقاوەمەی ئیسلامی ئەوا هێرشیان دەکاتە سەر و سەکردەکانیان بەئامانج دەگرێت.
ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکراشیکرد "بەپێی هەلومەرجی واقعی ئێستا دەبینین ئەو گروپانە بێدەنگن ماوەیەکە بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان ناکەنە ئامانج وازیان هێناوە، هەروەها هەلومەرجی شەڕ لە لوبنان و غەززە گۆڕاوە بەهۆی ئەو گۆڕانکاریەی بەسەر حکومەتی سوریادا هاتووە ئەو گروپانەش بێدەنگ بوون".
هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014 بەفتوایەک دامەزراوە، بەڵام دوای بە یاسایەک لە ساڵی 2016 کران بە هێزێکی یاسایی، بۆیە دەبێت هەر بە یاسا هەڵبوەشێندرێنەوە لە پەرلەمان، وە دەبێت یاساکەش لەسەر ئەساسی داواکارییەک لەناو پەرلەمان داوابکرێت یان حکومەت خۆی داوا بکات بۆ هەڵوەشاندنەوە، بەڵام بەوتەی جەبار یاوەر "تائێستا هیچ داواکارییەکی لەو جۆرە نییە".