سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەریتانیا واژۆیان لەسەر 13 گرێبەستی بازرگانی کرد بە بەهای نزیکەی 15 ملیار دۆلار، هەروەها بڕیار لەسەر چەند بوارێکی دیکە درا کە گرنگترینیان ئابووری و کۆچبەرانە.
ئاوێنە: لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ شا چارلسی سێیەم، پادشای بەریتانیا کە ئەمڕۆ لە کۆشکی بەکینگهامی لەندەن بەڕێوەچوو، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لە زیاتر گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەگشتی و بەتایبەت لەبوارەکانی ئابووریی و گەشەپێدان کردەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لەبارەگای حکومەتی بەریتانیا لە لەندەن، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و کییر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەشدا هەردوولا رێککەوتن سود لە ئەزموونی کەرتی تایبەتی بەریتانیا وەربگیرێت لە بوارەکانی ژێرخان، ئاو، وزەی پاک، بەرگریی و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.
هەروەها سەرۆک وەزیرانی عێراق خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە بەو رێککەوتنەی ئەم دواییە لەنێوان حکومەتی عێراق و کۆمپانیای بریتش پترلیۆم بۆ وەبەرهێنانی درێژخایەن لە عێراق واژۆکراوە.
بەشێک لە ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتنانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەریتانیا واژۆیان کردوون:
ـ عێراق و بەریتانیا بەبەهای ١٢.٣ ملیار جونیەی ئیستەرلینی (زیاتر لە ١٤ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار) ژمارەیەک گرێبەستی بازرگانییان لە ١٣ بواردا واژۆکرد بەوەش ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەراورد بە ساڵی رابردوو ١٠ بەرامبەر بەرزدەبێتەوە، بوارەکانییش بریتین لە هەڵگرتنەوەی مین، پڕۆژەکانی ئاو، بەستنەوەی کارەبا لەنێوان عێراق و سعودییە، هێڵی شەمەندەفەر، تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو بۆ پاراستنی ئاسایش سنور و فڕۆکەخانەکان.
ـ راگەیێنراوی هاوبەش لەبواری بەرگریی و ئەمنیی، بەوەش سەردەمێکی نوێ لە هەماهەنگی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵات دەستپێدەکات، کە راهێنان، ئاڵوگۆڕی زانستی سەربازی، رووبەڕبوونەوەی تیرۆر و ئاسایشی فڕۆکەوانی لەخۆدەگرێت.
ـ بەریتانیا پشتیوانی عێراق دەکات لە چاکسازییە درێژخایەن و پێویستەکان بۆ گەشەپێدانی ئابوورییەکەی، لەم بوارەشدا بەریتانیا ئەزموونی دارایی پێشکەوتووی خۆی تەرخان دەکات بۆ پشتیوانی سندوقی عێراق بۆ گەشەپێدان کە یەکەمین سندوقی وەبەرهێنانی ستراتیژییە لە عێراق.
ـ هەردوولا رێککەوتن لەسەر رووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی و بنەمای گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە مافی مانەوەیان لە بەریتانیا نییە، هەروەها رێککەوتن لەسەر رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچییانی کۆچبەر و هاوکاری یەکتر بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی سنورەکان، لەگەڵ دابینکردنی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو بۆ عێراق بەمەبەستی رێگری لە کۆچی نایاسایی.
ـ لەبوارەکانی ئاڵوگۆڕی زانستی، پشتیوانی بەهێزکردنی رۆڵی ژنان، دۆسیەی ژینگە و کۆتاییهێنان بە سوتانی ئەو غازەی لەکاتی بەرهەمهێنانی نەوتدا دەسوتێت لەم بوارەدا هەردوولا لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد، لەگەڵ بەهێزکردنی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەبواری وەرزش لەو تەوەرانە بوون کە لە کۆبوونەوەی سوودانی و ستارمەردا جەختیان لێکراوەتەوە و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە دراوە.