بەهۆی شكاندنی رێژەی یاسایی لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، نەتوانرا دەنگ لەسەر هەمواری یاسای بودجە بدرێت كە هەموارەكە تایبەتە بە تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم. كەمێك لەمەوبەر كۆبونەوەكەش هەڵگیرا.
ئاوێنە: پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە، پەرلەمانی عێراق دەستی بە كۆبونەوە كردو لە بڕگەی یەكەمی كۆبونەوەكەدا دەنگی لەسەر پڕۆژە یاسای دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق دا.
لە بڕگەی دوەمدا كە تایبەت بو بە دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای بودجە، كە هەموارەكە تایبەتە بە تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم بەمەبەستی دەستكردنەوە بە هەناردەكردنەوە، بەشێك لە پەرلەمانتاران چونە دەرەوەو بەوەش توانیان رێژەی یاسایی دانیشتنەكە بشكێنن و نەتوانرێت دەنگ لەسەر هەمواری یاسای بودجە بدرێت و دەنگدان لەسەر هەموارەكە دواخرا.
پاش ئەوە پەرلەمان دەستی كردەوە بە دانیشتنەكەو رێژە یاسایی تەواو كراو خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دو پڕۆژە یاسا كرد.
دوابەدوای ئەوە فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا وتی، دانیشتنەكە پەرلەمان هەڵگیرا.