وەزارەتی دارایی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، راگەیەندراوێكی نوێی لەبارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2024 بڵاوكردەوە كە تێیدا وردەكارییەكانی خەرجكردنی بڕە پارەی پێویستی بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم خستۆتەڕو.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق، کۆی گشتیی بودجەی عێراق بۆ ساڵی رابردو، 211.86 ترلیۆن دینار بوە کە بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان بە 12.67٪ دیاریكراوەو دەکاتە 16.614 ترلیۆن دینار.
ئاماژەی بەوەشداوە كە بەخەرجییەكانی دیكەوە كۆی گشتی بەشە بودجەی هەرێم بۆ ساڵی رابردو 20.910 ترلیۆن دینار بوە.
جەختیشی كردۆتەوە كە لە چوارچێوەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2024، ئەوان پابەندبون بە خەرجکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و بڕیاری دادگای فیدراڵیش كە مەرجی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دانابو کە دەبێت هەمو فەرمانبەرانی تەوتین بكات، دواتر رونکردنەوەی بڕیاری دادگەکە لەسەر داوای بانکی ناوەندی دەرچو و رێگەیدا تەوتین لە هەر بانكێگی رێگەپێدراوی بانكی ناوەندی بكرێت نەك تەنیا لە بانكە حكومییە فیدراڵییەكان.
وەزارەتەكە وتوشیەتی، لەماوەی ساڵی رابردودا، تێبینی ئەوەیان كردوە كە جیاوازی لە لیستەكانی حكومەتی هەرێم لە مانگێكەوە بۆ مانگێكی دیكە هەبو لە موچەداو لەسەر ئەو بنەمایەش داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرا کە رونکردنەوە بدات و هەرێمی کوردستان پابەندکرابو بە وەڵامدانەوە، بەو جۆرەش ئەو لیستانە راست دەکرانەوە و موچەی مانگی ئەیلول بە لێبڕاوەکانی مانگی شوبات تاوەکو 31ـی 8ـی 2024 خەرج کرا، بەوپێیەش بڕی پارەدارکردنەکە گەیشتە یەک ترلیۆن و 586 ملیار دینار، بەڵام بەداخەوە لە مانگەکانی تشرینی یەکەم، تشرینی دوەم و کانونی یەکەم، هەرێمی کوردستان بەردەوام بو لە ناردنی ئەو لیستانە بە ناوی دوبارەو ژمارەی بایۆمەتری دوبارە، بۆیە لیستەکان دورخرانەوە و بڕی دروست پارە نێردرا. بڕی لێبڕینیش لە مانگی شوبات تاوەکو حوزەیران، 757 ملیار و 282 ملیۆن دینار بوە.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە هەرێمی کوردستان داهاتەکانی خۆی راستەوخۆ خۆی خەرج كردون بەبێ رەچاوكردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کە حکومەتی هەرێمی کوردستانی پابەند کردوە بە رادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی بە بەغداو لە مانگی حوزەیرانی پارەوە تەنیا 399 ملیار دیناری رادەست کردوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق، داهاتی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە بوە:
- باجی سەر هاوردەکراوان و سامانەکان 786 ملیار دینار
- داهاتە گومرگییەکان یەک ترلیۆن و 166 ملیار دینار
- رسومات 642 ملیار دینار
- داهاتەکانی وەبەرهێنان 55 ملیار دینار
- داهاتی گوێزراوە 94 ملیار دینار
- کرێ یەک ترلیۆن و 442 ملیار دینار
- ئەوانی دیکە 132 ملیار دینار
- کۆی گشتی 4 ترلیۆن و 347 ملیار دینار
بڕی پارەی نێردراو بەگوێرەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەم شێوەیە بوە:
- بڕی داهاتی نانەوتیی نێردراو لە هەرێمی کوردستانەوە 0.399 ترلیۆن دینار
- لێدەرکردنی بڕی پارەدارکردن بۆ هەرێمی کوردستان بۆ موچە و خانەنشینی و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی 3.473 ترلیۆن دینار
- لێدەرکردنی بڕی پارەدارکردن بەگوێرەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی بۆ موچەی هەرێمی کوردستان 6.606 ترلیۆن دینار
- کۆی گشتی پارەدارکردن بۆ موچەی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی 10.079 ترلیۆن دینار.
- بڕی پارەدارکردن زیادەڕۆیی تێداکراوە بە مەبەستی پارەدارکردنی گشت تەرخانکراوەکانیان بە گوێرەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی 2.634 ترلیۆن دیناربوە.
وەزارەتی دارایی عێراق وتوشیەتی، بەداخەوە بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان دەنگۆی پابەندنەبونی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بڵاودەکەنەوە، لە بری ئەوەی کە لێپێچینەوە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ رادەستنەکردنی داهاتەکانی و پێشێلکردنی دەقەکانی یاسای بودجەی گشتی. بەشێکێشیان باس لەوە دەکەن کە هەرێمی کوردستان 75٪ـی موچەخۆرانی تەوتین کردوە. ئەو لێدوانانە ناڕاستن، لەبەرئەوەی ئەگەر راستبونایە ئەوا حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی ناوی موچەخۆرە تەوتینكراوەكانی دەنارد بۆ وەزارەتەکەمان بۆ ناردنی موچەکانیان، بەڵام سەرەڕای تەواوبونی ساڵی دارایی 2024، تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان ژمارەی وەزیفی موچەخۆرانی لە وەزارەتی پلاندانان تەواونەکردوە كە ئەوە كۆتا وادە بو بۆ ئەو مەبەستە.
وەزارەتەکەش داواشی لە حكومەتی هەرێمی کوردستان كردوە، "لە سەرەتای ساڵی 2025 پابەندبێت بە جێبەجێکردنی یاسای بوجەی گشتی فیدراڵی و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، هەروەها پێویستە لیژنەی دارایی و لیژنەی دەستپاکی، بەدواداچون و چاودێریی هەرێمی کوردستان بکەن لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی دەقەکانی بودجەی گشتی کە لەلایەن سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەنگی لەسەر دراوە."