سەعدی ئەحمەد پیرە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی نێوان مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی ئاشکرادەکات
  2025-01-17       522       

وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی زانیاری دەخاتەڕوو و دەڵێت، "کۆبوونەوەکە لەبارەی دابەشکردنی پلە و پۆستەوە نەبووە".

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "کۆبوونەوەکە سەبارەت بە دۆخی هەرێم و ناوچەکە بووە، کە دۆخێکی هەستیارە و دەبێت لایەنەکان ئاست و سەقفی داواکاریەکان بگونجێنن لەگەڵ ئەم دۆخەدا و دەستیان سووک بکەن لە رێککەوتن، بۆیە کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە".

ئاماژەی بەوەکرد، " بە دڵنیاییەوە لە کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی یەکێک لە بابەتەکان ئەوەبوو هەوڵ بدرێت ژمارەی فەرمانبەران واقعی بێت و بگونجێت لەگەڵ ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ بەغدا هەیە، وە بیانوو نەدرێت بە نەیارەکانمان، واتە پرسی مووچە ئەوەندە نەبێتە پرسی میدیا و شەڕی راگەیاندن، باشترە کارەکان ئاسان بکەین لەگەڵ یەکتردا".

هەروەها وتەبێژی یەکێتی رەتیکردەوە، کۆبوونەوەکە تایبەت بووبێت بە دابەشکردنی پلە و پۆست، بەڵکو وتی، "ئەوە کاری تیمی دانوستانکاری هەردوولایە و ئەوان گفتوگۆی لەسەر دەکەن".

دوێنێ پێنجشەممە 16ی کانونی دووەمی 2025، دوور لە چاوی میدیاکان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە هەولێر کۆبوونەوە.

سەعدی پیرە دەشڵێت، "دیار نییە کۆبوونەوەی داهاتوو لە نێوان هەردوولا کەی دەبێت، بەڵام کۆبوونەوە لەم نزیکانە دەبێت، چاوەڕێین لیژنە فەنیەکە کارەکانی خۆیان تەواو بکەن و بیبەن بۆ کۆبوونەوەی هاوبەش هیوادارین ئەنجامی باشی هەبێت".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×