كەناڵی ئەلعەرەبیە لە زاری سەرچاوەیەكی باڵای هەسەدەوە بڵاویكردۆتەوە كە بە هاندانی ئەمریكییەكان، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دەیەوێت رۆڵی نێوەندگیری لەنێوان هەسەدەو توركیادا بگێڕێت.
ئاوێنە: سەرچاوەیەكی باڵا لە هەسەدە، ئەمڕۆ هەینی، بە كەناڵی ئەلعەرەبیەی وتوە، مەزڵوم عەبدی بە یاوەری چەند بەرپرسێكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا، سەردانی هەولێری كردوەو لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆبۆتەوە.
وتوشیەتی، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی هەوڵی ئەوە دەدات كە رۆڵی نێوەندگیریی لەنێوان توركیاو هەسەدەدا ببینێت، ئەوەش بە هاندانی ئەمریكییەكانە چونكە پارتی پەیوەندییەكی سیاسی و ئابوریی بەهێزی لەگەڵ توركیا هەیە و لە كۆبونەوەكەی نێوان بارزانی و عەبدیدا ئەو بابەتە گفتوگۆی لەبارەوە كراوە.
سەرچاوە باڵاكەی هەسەدە ئەوەشی خستۆتەڕو، مەزڵوم عەبدی و بارزانی هەروەها گفتوگۆیان لەبارەی یەكڕیزی لایەنە كوردییەكان لە سوریا كردوە و لەوبارەیەوە رێككەوتون لەسەر یەكهەڵوێستی تەواوی لایەنە كوردییەكان لە سوریا بەر لە نوسینەوەی دەستوری نوێ بۆ سوریاو ئەنجامدانی یەكەم هەڵبژاردن لەو وڵاتە لەدوای كەوتنی رژێمەكەی ئەسەد.
بەپێی قسەی سەرچاوەكە، بارزانی جەختی كردۆتەوە لەسەر ئەوەی كە پێویستە كوردانی سوریا تەواوی مافەكانیان لەچوارچێوەی یەكپارچەیی خاكی سوریادا بەدەستبهێنن بەمەرجی ئەوەی كە "هێزە سەربازییەكەیان بمێنێتەوە."
كەناڵەكە هێمای بۆ ئەوەش كردوە، بەپێی ئەوەی ئەحمەد شەرع، سەرۆكی ئیدارەی نوێی سوریا راگەیاندوە كە نوسینەوەی دەستوری نوێ و هەڵبژاردن چەند ساڵێكی پێویستە، بۆیە بارزانی و عەبدی لە ئێستادا زیاتر بایەخیان بە پرسی دانوستانی نێوان توركیاو هەسەدە داوە لەبری یەكخستنی هێزە كوردییەكان بەشێوەیەكی بەپەلە.
بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكە، لە ئەگەری سەركەوتنی بارزانی لە رۆڵی نێوەندگیرییەكەیدا لەنێوان توركیاو هەسەدە، پێدەچێت سێ دەروازەی سنوری لەنێوان ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و توركیادا بكرێنەوە بەمەبەستی دەستپێكردنی هاریكاریی ئابوریی لەنێوان هەردولادا.
سەرچاوەكە وتوشیەتی، كۆبونەوەكەی بارزانی و عەبدی نزیكەی دو سەعاتی خایاندوە و تێیدا باس لەوەش كراوە كە شەڕڤانانی پەكەكە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە سوریا بكشێنەوە كە بەپێی قسەی سەرچاوەكە ئەو كارە مەرجدار كراوە بەوەی توركیا هێرشەكانی بۆ سەر رۆژاڤا رابگرێت.