نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان پشتڕاستی دەكاتەوە كە ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدەو مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی لە هەولێر كۆبونەتەوەو دەشڵێت، كۆبونەوەكە بۆ "ڕێکخستنی نێو ماڵی کوردی و یەک هەڵویستی کوردە لەم قۆناغەی سوریادا."
ئاوێنە: فەتحوڵا حوسەینی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان کە نوسینگەکەی لە شاری سلێمانیە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کۆمەڵێک مەلەفات هەیە کە دەبێت قسەی جدییان لەبارەوە بکرێت، بە نمونە پارتی کە نزیکایەتی زۆری لەگەڵ تورکیا هەیە پێداچونەوە بە پەیوەندییەکانی بکات و لەو هێڵە دوربێت کە بەرژەوەندی کورد دەخاتە مەترسییەوە، لەلایەکی تریش پارتی لەڕێگەی مەسعود بارزانیەوە کار بۆ ئەوە بکات پەیوەندییەکانی تورکیا باشتر بێت لەگەڵ کورددا و هێرشەکانی لەسەر کورد ڕابگرێت."
وتیشی، کۆبونەوەکە بۆ هەنگاونان بوە لەسەر"چۆنیەتی بەهێزکردنی گوتاری کوردی لە ڕۆژاڤا،" و جەختیکردەوە كە "گۆڕانکاری خێرا و بەپەلە هەن لە ناو جەرگەی سوریا، دەبێت کوردیش یەک هەڵوێست بێت لەم دۆخەدا."
ئەو قسانەی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دوای ئەوە دێن كە هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس وتی، "كۆبونەوەی ئەمڕۆی هەولێر لەنێوان مەسعود بارزانی و فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ بەهێزكردنی یەكڕیزیی و پێگەی كورد لەبەرامبەر دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشقدا بۆ گواستنەوەیەكی سیاسی ئارام."
هۆشیار زێباری بەبێ ئەوەی زانیاریی زیاتر لەبارەی كۆبونەوەكە بخاتەڕو وتیشی"سوپاس بۆ تەواوی هاوپەیمان و دۆستەكانمان."
نوێنەرەکەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بۆ دەنگی ئەمەریکا جەختیکردەوە لە ڕۆڵی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە ڕێکخستنی کۆبونەوەکە و وتی، "نێردراوی ئەمەریکا و فەرەنساش لە ڕۆژاڤا هەن فشارێکی زۆر دەکەن کە یەکهەڵوێستی نەتەوەیی کورد هەبێت و تەنیا لایەنێک نەبێت لە ڕۆژاڤا و ئەوەش یەکێکی ترە لەهۆکارەکانی سەردانەکە."
وتیشی"وەک دەزانن کە پارتی پاڵپشتی هەندێک هێزی کوردی دەکات وەک ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی سوریا (ئەنەکەسە)، خەڵکی خۆمان لە ڕۆژاڤا پێویستیان بە یەکڕیزی هەیە، لەبەر ئەوە سەردانەکە ئاساییە. وەکو تریش پەیوەندی هێزەكانی سوریای دیموکرات پەیوەندییەکی پچڕاو نەبوە لەگەڵ پارتی و مەسعود بارزانیش."