ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس لە زاری بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بڵاویكردەوە كە یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی نێوان مەسعو بارزانی و مەزڵوم عەبدی پرسی جیاكردنەوەی هەسەدە بوە لە پەكەكە.
ئاوێنە: بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە نەیویستوە ناوی ئاشكرابكرێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەبارەی كۆبونەوەكەی نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، بە ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێسی وتوە، لە كۆبونەوەكەدا جەخت لەسەر یەكهەڵوێستی كورد لە سوریا كراوەتەوەو هەروەها تاوتوێی رێگاكانی جیاكردنەوەی هەسەدە لە پەكەكە كراوە.
بەپێی قسەی بەرپرسەكەی پارتی، لە كۆبونەوەكەدا مەسعود بارزانی وتویەتی، هەنگاوێكی لەم جۆرە دەكرێت دەرگا لەبەردەم پشتیوانییەكی فراوانتری نێودەوڵەتیدا بكاتەوە بەتایبەت لەڕێگەی پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە لەگەڵ هەریەكە لە ئەمریكاو توركیا.
بەرپرسەكەی پارتی هێمای بۆ ئەوەش كردوە، هەر لە كۆبونەوەكەدا مەسعود بارزانی جەختی كردۆتەوە لەسەر گرنگی بونی بەرەیەكی كوردی یەكگرتو لە سوریا بۆ دانوستان لەگەڵ حكومەتی نوێی سوریا لە پێگەی هێزەوە و هەروەها دەسكەوتە سیاسییەكانی كورد لە عێراق، لەنێویاندا دانپێدانانی دەستوری، دەكرێت ببنە مۆدیلێك بۆ كوردانی سوریا.
ئێوارەی ئەمڕۆ هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس ئاشكرایكرد، لە هەولێر مەسعود بارزانی و مەزڵوم عەبدی كۆبونەتەوەو وتیشی، كۆبونەوەكە "دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ بەهێزكردنی یەكڕیزیی و پێگەی كورد لەبەرامبەر دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشقدا بۆ گواستنەوەیەكی سیاسی ئارام."
هۆشیار زێباری بەبێ ئەوەی زانیاریی زیاتر لەبارەی كۆبونەوەكە بخاتەڕو وتوشیەتی"سوپاس بۆ تەواوی هاوپەیمان و دۆستەكانمان."
دوابەدوای ئەوەش، ئەمشەو، بارەگای بارزانی راگەیەندراوێكی لەبارەی كۆبونەوەكە بڵاوكردەوەو وتی، لە كۆبونەوەكەدا بارودۆخ و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سوریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سوریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سوریا تاوتوێ کرا.
بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەشداوە، لە كۆبونەوەكەدا جەخت لەوە کرایەوە کە "پێویستە لایەنە کوردیەکانی سوریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنوسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سوریا بگەنە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دوبارەبونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سوریادا هاتونە."