فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، حكومەتی عێراق هەوڵی ئەوە دەدات ئەو گروپە چەكدارانەی كە شەڕی هێزەكانی ئەمریكایان دەكردو موشەكیان ئاڕاستەی ئیسرائیل دەكرد، رازی بكات بە دانانی چەكەكانیان یاخود بچنە نێو ریزی هێزە ئەمنییە رەسمییەكانەوە.
ئاوێنە: فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ لەندەن لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز سەبارەت بە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و كەوتنی رژێمی سوریا، وتویەتی"پێمان وا نییە، نۆرەی عێراق بێت."
فواد حسێن وتوشیەتی، حكومەتی عێراق خەریكی گفتوگۆیە بۆ كۆنترۆڵكردنی گروپە چەكدارەكانی لایەنگریی ئێران.
ئەوەشی خستۆتەڕو"بەر لە دو سێ ساڵ، ئەستەم بو گفتوگۆی ئەم بابەتە لە عێراق بكرێت." بەڵام ئێستا، بونی گروپی چەكدار لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، شتێكی قبوڵ نەكراوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە "بەشێكی زۆر لە سەركردە سیاسییەكان و حزبە سیاسییەكان دەستیان كردوە بە وروژاندنی ئەم گفتوگۆیە، هیوادارین بتوانین سەركردەكانی ئەم گروپانە رازی بكەین بە دانانی چەكەكانیان، دواتر ببنە بەشێك لە هێزە چەكدارەكان لەژێر بەرپرسیارێتی حكومەتدا."
لەبارەی پەیوەندییەكانی ئەمریكا و عێراق، فواد حسێن وتویەتی"ئومێدەوارین بتوانین پەیوەندییە باشەكانمان لەگەڵ واشنتۆن درێژە پێبدەین. هێشتا زوە باس لەو سیاسەتە بكەین كە سەرۆك ترەمپ لەبەرامبەر عێراق یان ئێران دەیگرێتەبەر."
وەزیری دەرەوەی عێراق ئامادەیی بەغدای دەربڕیوە بۆ هاوكاری لە هێوركردنەوەی گرژییەكانی نێوان تاران و واشنتۆن ئەگەر داوا لە عێراق بكرێت.
لەبارەی دۆخی سوریاش، فواد حسێن وتویەتی، تاوەكو پڕۆسەیەكی سیاسی گشتگیر لە سوریا نەبینین، عێراق دڵنیا نابێتەوە لەبارەی ئەو وڵاتەوە. وتوشیەتی بەغدا دانەوێڵە و نەوت بۆ سوریا دەنێرێت، هەر كاتێك دڵنیا بوەوە لەوەی كە ئەو شتانە دەگاتە سەرجەم سورییەكان.
ئەوەشی خسۆتەڕو، بەغدا سەرقاڵی وتوێژە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا بۆ ئەوەی سەردانی عێراق بكات.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە "ئێمە نیگەرانین لەبارەی داعش، بۆیە لە پەیوەندیداین لەگەڵ لایەنی سوری بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ئەو بابەتانەوە، بەڵام لە كۆتاییدا بونی سوریایەكی سەقامگیر، واتای بونی نوێنەرانی سەرجەم پێكهاتەكانە لە پڕۆسەی سیاسیدا."
ساڵی رابردو بەغدا و واشنتۆن رێككەوتن لەسەر كۆتاییهێنان بە كاركردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بە سەرۆكایەتی ئەمریكا تاوەكو مانگی ئەیلولی 2026و گواستنەوە بۆ پەیوەندیی ستراتیژیی دوقۆڵی، بەڵام فواد حسێن لەوبارەیەوە پێی وایە دەبێت چاودێری پێشهاتەكان لە سوریا بكرێت.
ئەو وتوشیەتی"بەر لە هەر شتێك ئێمە بیر لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەكەینەوە. ئەگەر هەڕەشە لەسەر وڵاتەكەمان هەبێت، بێگومان چیرۆكەكە جۆرێكی تر دەبێت." لەگەڵ ئەوەش وتویەتی"بەڵام تاوەكو ئەم ساتە هیچ هەڕەشەیەك نابینین."