رایتس ۆوچ: عێراق گوشارەكانی بۆ سەر مافەكانی مرۆڤ چڕكردونەتەوە
  2025-01-16       163       

هیومان رایتس ۆوچ، لە ڕاپۆرتى ساڵانەی خۆیدا لە بارەی مافەكانی مرۆڤ لە جیهان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایگەیاند، لەماوەی ساڵی 2024دا عێراق گوشارەكانی بۆ سەر مافەكانی مرۆڤ چڕكردونەتەوە، ئەوەش لەڕێگەی تێپەڕاندن یان هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنى ئەو یاسا توندانەی كە دەكریت ببنە مایەی سنورداركردنی ئازادییەكان لەگەڵ زیادكردنی جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان.

ئاوێنە: رێكخراوەكە لە راپۆرتەكەیدا لە زاری سارە سەنبەر، توێژەرى عێراق لە هیومان ڕایتس ۆوچ ڕایگەیاندوە"عێراق دەرفەتی دەركردنی ئەو یاسایانەی هەیە بۆ چاكسازیى ریشەیی كە دەكرێت ببنە مایەی بەهێزكردنی مافە بنەڕەتییەكان و یارمەتیدەر بن بۆ پاراستنی سەقامگیرییەكی رێژەیی لە وڵاتدا. بەڵام لەبری ئەوە، پێدەچێت دەسەڵاتداران سوربن لەسەر دەركردنی ئەو یاسایانەی كە عێراقییەكان بێبەش دەكەن لە ئازادی و هەروەها سوریشن لەسەر چڕكردنەوەی پڕۆسەكانی لەسێدارەدان و سەركوتكردنی دەنگە ناڕازییەكان."

لەوبارەیەشەوە هیومان رایتس ۆوچ، باسی لە هەوڵەكانی پەرلەمان كردوە بۆ دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای باری كەسێتی كە لە بری یاسا، رێگە بە دەسەڵاتدارانی ئایینی دەدات، سەرپەرشتی پرۆسەی هاوسەرگیریی و میرات بكەن، ئەوەش لەسەر حسابی مافە بنەڕەتییەكانی هاوڵاتیان.

رێكخراوەكە جەختیشی كردۆتەوە كە ئەگەر ئەو هەموارە تێپەڕێنرێت، ئەوا كاریگەری كارەستاباری لەسەر مافەكانی ژنان و كچان دەبێت لەمیانی رێگەدان بە هاوسەرگیریی كچانی نۆ ساڵان و لاوازكردنی بنەمای یەكسانی و لابردنی ئەو پشتیوانییانەی كە بۆ ژنان هەن و پەیوەستن بە جیابونەوەو میراتەوە.

هیومان رایتس ۆوچ هەر لەوبارەیەوە ئاماژەی بە تێپەڕاندنی هەمواری یاسای دژایەتی لەشفرۆشی و هاوڕەگەزباری كردوە لە پەرلەمانی عێراق كە پەیوەندیی هاوڕەگەزبازیی بە 10 تاوەكو 15 ساڵ زیندانی سزا دەدات، هەروەها سزای یەك ساڵ تاوەكو سێ ساڵ زیندانی بەسەر ئەو كەسانەدا دەسەپێنێت كە پەنادەبەنە بەر دەستوەردانی پزیشك بۆ دڵنیابونەوە لە رەگەزیان یاخود بۆ گۆڕینی رەگەزیان و هەروەك یاساكە سزای تا حەوت ساڵ زیندانی و پێبژاردنی تا 15 ملیۆن دیناری بۆ ئەو كەسانە داناوە كە بانگەشە بۆ هاوڕەگەزباری دەكەن.

لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیدا، هیومان رایتس ۆوچ ئاماژەی بەوەداوە، دەسەڵاتدارانی عێراق لە ساڵی 2024دا، بەشێوەیەكی فراوان، رادەی جێبەجێكردنی لەسێدارەدانە نایاساییەكانیان چڕكردۆتەوە، ئەوەش بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەختی پارێزەران یاخود كەسوكاری لەسێدارەدراوان، وێڕای بونی بانگەشەی جێی متمانە لەبارەی ئەشكەنجەدان و پێشێلكردنی مافی سزادراوان لە دەستڕاگەیشتن بە دادگاییكردنێكی عادیلانەدا.

هەروەك لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیدا رێكخراوەكە باسی لە كۆتاییهێنان بە كاری "تیمی لێكۆڵینەوەی سەربە نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ بەهێزكردنی لێپرسینەوە لە تاوانەكانی داعش" ناسراو بە "یونیتاید" لە مانگی ئەیلولی رابردودا كردوە كە بۆتە هۆی دروستكردنی نادڵنیایی لای رزگاربوان لەبارەی ئایندەی لێپرسینەوە لەداعش لە عێراق.

هیومان رایتس ۆوچ جەختی كردۆتەوە كە پێویستە دەسەڵاتدارانى عێراق هەمواری یاسای باری كەسێتی رەتبكەنەوەو هەروەها یاسای دژایەتی لەشفرۆشی و هاوڕەگەزبازی هەڵبوەشێننەوەو جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانەكانیش رابگرن بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×