سەرۆکی ئەمریکا وردەکاری وتووێژەکانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بەکۆتاییهێنان بەشەڕی غەززە ئاشکرا کرد، ئەو وتی "ناتانیاهۆ وتی دەبێت مرۆڤ بکوژیت بۆ ئەوەی لەشەڕدا سەرکەویت".
ئاوێنە: جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لەدوایین چاوپێکەوتنی خۆیدا پێش ئەوەی کۆشکی سپی بەجێبهێڵێت، وردەکاریی دانوستانەکانی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە خستەڕوو، ئەو وتی "بەناتانیاهۆم وت نابێت بۆردومانی چڕی گەڕەکەکانی غەزە بکەیتو یەکسانیان بکەیت لەگەڵ عەرد، نەتانیاهۆ وتی: باشە ئێوەش هەمان شتان کرد، بۆردومانی چڕتان کرد، ئێوە بەرلینتان بەچڕی بۆردومان کردو کاولتان کرد، بۆمبی ئەتۆمیتان کێشا بەهێرۆشیماو ناکازاکیو هەزاران کەسی بێتاوانتان کوشت، چونکە ناچار بوون ئەوە بکەن بۆ ئەوەی لەشەڕەکەدا سەرکەون، دەبێت مرۆڤ بکوژیت بۆ ئەوەی لەشەڕدا سەرکەویت".
ئەو وتانەی بایدن دوای ئەوە هات کە ئیسرائیلو حەماس گەیشتنە ڕێککەوتن سەبارەت بەئاگربەستو ئاڵوگۆڕی دیلەکان، کە ١٥ مانگە شەڕ بەردەوامە.
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی فەلەستین رایگەیاند لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە تا ئێستا زیاتر لە ٤٦ هەزارو ٧٠٠ کەس لەغەزە کوژراون، کە سەدان منداڵی تێدایە.
ڕێککەوتنی ئاگربەستی قۆناغ بەقۆناغ پێویستی بەکشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئیسرائیل لەکەرتی غەزە بۆ سنوورەکانی پێش جەنگو کردنەوەی دەروازەی ڕەفەحو ئاسانکاری بۆ گەشتە پزیشکییەکان بۆ دەرەوەی وڵات هەیە.
رێککەوتنەکە ئیسرائیل پابەند دەکات بەهاتنی ڕۆژانەی ٦٠٠ بارهەڵگری یارمەتیو ئاڵوگۆڕی هەزار زیندانی فەلەستینی، کە هەموویان ژننو منداڵی خوار تەمەنی ١٩ ساڵیشیان تێدایە.
جگە لەوەش پێویستە هێزەکانی ئیسرائیل لەڕێڕەوی نەتزەریمو ڕێگای فیلادلفیا بکشێنەوەو دڵنیابن لەوەی کە دانیشتوانی ئاوارە دەتوانن بەئازادی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
هەروەها پێویستە نەخۆشخانەکانی غەززە ئاوەدان بکرێنەوەو کەرەستەی پزیشکی و نەخۆشخانەی مەیدانی و تیمەکانی نەشتەرگەری ڕێگەیان پێبدرێت بچنە ناوەوە.
قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی شەش هەفتەیی بریتییە لەئازادکردنی ٣٣ زیندانی ئیسرائیلیو گەڕانەوەی فەلەستینییە ئاوارەبووەکان لەباشوورەوە بۆ باکووری غەزە، هەنگاوەکانی داهاتوو بریتی دەبن لەئازادکردنی ئەو ٦٦ دیلە ئیسرائیلییەی کە ماونەتەوە.