ژنانی زیندانی ئەوین لە چاوپێکەوتنی بنەماڵەکانیان بیبەش کران
  2025-01-17       114       

ژنانی زیندانی ئەوین ڕایانگەیاند، ١٠ ژنی زیندانییکراوی سیاسیی زیندانی ئەوین لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بێبەشکران، دەشڵێن: بڕیارەکە بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی سزای لەسێدارەدان دەرچووە.

ئاوێنە: ١٠ ژنی زیندانییکراوی سیاسیی لە زیندانی ئەوین لەبارەی بێبەشکردنیان لە چاوپێکەوتن و پەیوەندی کردن بە بنەماڵەکانیان لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە، کە تیایدا هاتووە، ١٠ ژنی زیندانییکراوی سیاسیی لە زیندانی ئەوین بە ناوەکانی پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی، ئەنیشا ئەسەد ئیلاهی، گوڵرۆج ئێرانی، ویدا ربانی، زەهرا سەفایی، ئیلاهە فولادی، موتەهەرە گۆنەیی، ساکینە پەروانە و مەریەم یحیەویی لە چاوپێکەوتنی بنەماڵەکانمان و پەیوەندیی کردن لە لایەن بەرپرسانی نێو زیندانییەکە بێبەش کراین.

ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیارەکە لە ١٣ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا دەرچووە بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی سزای لەسێدارەدان.

جێگای ئاماژەیە، ئەو ژنانە چەندین جار لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی مافی زیندانییان بێبەشکراون و لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان و پەیوەندی کردن و بینینی پارێزەرەکانیان لێ قەدەغە کراوە، سەرەڕای ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و جیهانییەکان بەڵام ڕژێمی ئێران لە چەوساندنەوەی ژنانی ناو زیندانەکان بەردەوامە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×