توركیا بۆردومانی هاوڵاتیانی مەدەنی لەسەر بەنداوی تشرین دەكات و قوربانی هەن
  2025-01-18       254       

درۆنی توركیا، بۆردومانی كۆمەڵێك هاوڵاتی مەدەنی لە سەر بەنداوی تشرین كرد و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان قوربانی لێكەوتۆتەوە.

ئاوێنە: بەپێی میدیاكانی رۆژئاوا، درۆنێكی توركی، كەمێك لەمەوبەر، كۆمەڵێك هاوڵاتی مەدەنی لەسەر بەنداوی تشرین كردۆتە ئامانج.

میدیاكانی رۆژئاوا ئاماژەیان بەوەداوە كە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان بۆردومانەكە، شەهید و برینداری لێكەوتۆتەوە. بۆ بینینی ڤیدیۆی ساتی بۆردومانەكە لێرە كلیك بكە.

ئەوەش سێیەم جارە توركیا بۆردومانی ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانەی سەر بەنداوی تشرین دەكات كە چەند رۆژێكە بۆ پاراستنی بەنداوەكە لە هێرش لە ناوچە جیاجیاكانی رۆژاڤای كوردستانەوە چونەتە ئەوێ.

هاوكات ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، لە ئێستادا، سوپای توركیا، لەڕێگەی فڕۆكەی جەنگییەوە چەند ناوچەیەكی لە سنوری باشوری كۆبانێ بۆردومان كردون لەوانە، دەوروبەری بەنداوی تشرین، گوندی "جەعدە"ی نزیك لە پردی قەرەقۆزاق كە لە هێرشێكیاندا قوتابخانەی گوندەكەی كردۆتە ئامانج و بەتەواوەتی روخاوە، هەروەها بۆردومانی چەند گوندێكی سنوری شارۆچكەی سێرین-ی كردوەو شوێنێكی چاككردنەوەی ئۆتۆمبێلیشی لە شارۆچكەكە كردۆتە ئامانج.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×