شاسوار عه‌بدولواحید: ئامادەین لەگەڵ یەکێتی و یەکگرتوو رێکبکەوین و با سەرۆک وەزیران بۆ پارتی نەبێت
  2025-01-18       700       

سه‌رۆكی‌ جوڵانه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ ئاشکرای دەکات، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان هه‌وڵی‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌ت ده‌دات، "ئەگەر ڕاست دەکەن بە ئێمە و یەکگرتوو و یەکێتی ٥٠+١ین با سەرۆک وەزیران بۆ پارتی نەبێت"، دەشڵێت "پارتی ئاماده‌یە شه‌ش وه‌زاره‌ت به‌ وه‌زیر و بریكار و به‌ڕێوه‌به‌ره ‌گشتییه‌كانیشه‌وه‌ بداته‌ جوڵانه‌وه‌كه‌مان جگە سەرۆک وەزیران".

ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دوا بڕیاری حزبەکەی لەکابینەی دەیەم ئاشکرا دەکات و دەڵێت "بۆ ئه‌وانه‌شی‌ كه‌ پێیانوایه‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ ده‌چێته‌ پاڵ‌ ئه‌م و ئه‌و یان رێكکه‌وتنی‌ ژێربه‌ژێری‌ هه‌یه‌، یه‌ك قسه‌ هه‌یه‌ بۆ مێژوو به‌ هه‌موو لایه‌كی‌ راده‌گه‌یه‌نم، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی و هێزه‌كانی دیكه‌ راستده‌كه‌ن و نایانه‌وێت سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ پارتی بێت، بابێن رێكبكه‌وین و كه‌سێك دیاری بكه‌ن من و ١٥ په‌رله‌مانتاره‌كه‌م به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانین كه‌سه‌كه‌ كێیه‌ ده‌نگی پێده‌ده‌ین و یه‌ك وه‌زاره‌تیشمان ناوێت به‌ڵام له‌ پارتی‌ نه‌بێت".

وتیشی "تا چوارشه‌ممه‌ی‌ داهاتوو په‌رله‌مانی‌ كوردستان كۆنه‌بێته‌وه‌، سه‌رۆكی‌ ته‌مه‌نی‌ په‌رله‌مان ده‌ست له‌كارده‌كێشێته‌وه‌ و ده‌بێته‌وه‌ به‌ په‌رله‌مانتارێكی‌ ئاسایی".

شاروار عەبدولواحید ئاماژەی بەوەشکرد "كوشته‌ی‌ پۆست نین و به‌لامانه‌وه‌ گرنگ نییه‌. ئه‌گه‌ر بێڕێزی‌ و كاری‌ نایاسایی به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان بكرێت به‌شێك نابین لێی‌".

بەوتەی سەرۆکی جوڵانەوەکە "به‌پێی‌ یاسا دەبوایه‌ له‌ماوه‌ی‌ ٤٥ رۆژدا یه‌كه‌م دانیشتنی‌ په‌رله‌مان بكرایه‌ و په‌رله‌مانتاران سوێندیان بخواردایه‌ و ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌ڵبژێردرایه‌، به‌ڵام نه‌یان كرد، ئه‌مه‌ش لێكه‌وته‌ی‌ یاسایی هه‌یه‌ و پارتی‌ و یه‌كێتی‌ به‌ ده‌ره‌جه‌ی‌ یه‌ك لێی‌ به‌رپرسن".

وەک شاسوار عەبدوالواحید دەڵێت "له‌ دانیشتمان له‌گه‌ڵ‌ وه‌فدی‌ پارتی‌ رایانگه‌یاند؛ ئاماده‌ن ته‌واوی‌ شه‌ش وه‌زاره‌ت بده‌نه‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ. پارتی‌ ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه‌ كه‌ جگه‌ له‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت و سه‌رۆكی‌ هه‌رێم هه‌موو پۆستێكی‌ تر شایه‌نی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قسه‌ی‌ له‌سه‌ر بكه‌ین و باسی‌ ئه‌وه‌شیان كردووه‌ كه‌ ٣٠ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ و ٢٠ بریكار و پۆستی‌ دیكه‌ی‌ سیدیمان ده‌درێتێ‌".

راشیگەیاند "قسه‌ی‌ كۆتایی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شداری‌ حكومه‌تێك ناكه‌ین ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتمان نه‌بێت و به‌م سیغه‌یه‌ی‌ ئێستا وه‌كو ئۆپۆزسیۆن ده‌مێنینه‌وه‌".

"ئه‌گه‌ر له‌ داهاتوودا یه‌كێتی‌ و پارتی‌ نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن و پارتی‌ رازی‌ بوو پۆستی‌ سیادی‌ و خاوه‌ن بڕیار و ئه‌وانه‌ی‌ داوامانكردووه‌ بداته‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ، به‌ڵام ئه‌و خاڵانه‌ی‌ داوامانكردووه‌ كه‌ ١٦ خاڵه‌ و داومانه‌ به‌ پارتی‌ جێبه‌جێ نه‌كرێت، وه‌كو ئۆپۆزسیۆن ده‌مێنینه‌وه‌". سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وا دەڵێت
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×