ماوەی چەند رۆژێکە باڵێکی نارازی لەناو رەوتی هەڵوێست دروستبوون و بەپێی زانیارییەکانی ئاوێنە باڵە ناڕازیەکە چەند مەرجێکیان داناوە بۆ عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی رەوتەکە، لەبارەی هۆکاری دروستبوونی ئەو ناڕەزایەتییە وتەبێژی رەوتی هەڵوێست دەڵێت "ئەو کۆمەڵە هاوڕێیە دەرنەچوون بۆ داواکارییەکانیشیان دەرگا کراوەیە تاوەکو قسەی هاوبەش بکەین، کاندیدەکانمان دەچنە پەرلەمان بەڵام ٥٠+١ بۆ هیچ حزبێک تەواو ناکەین".
ئاوێنە: بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست ئاوێنە کەوتووە، ئەو باڵە ناڕازییەی رەوتی هەوڵوێست چەند مەرجێکیان هەیە بۆ عەلی حەمەساڵح سەرۆکی رەوتەکە "ئەگەر نا هەموو ئەگەرێک کراوە دەبێت"، مەرجەکانیش بریتین لە "عەلی حەمەساڵح یان کاری پەرلەمانی دەبێت بکات یان سەرۆکی رەوت بێت، دەستەکە زیادبکریت بۆ 10 کەس، بەستنی کۆنگرە لەماوەی کەمتر لە یەک مانگدا و ئاشکراکردنی دارایی رەوتەکە لە دروستبوونیەوە تا ئێستا و سەلماندنی شەفافیەت).
لەبارەی ئاڵنگارییەکانی ئەو باڵە ناڕازییەو حزبی رەوتی هەڵوێست سەردار قادر، وتەبێژی رەوتەکە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئاوێنە دەڵێت "ئەوەندەی بزانم کۆمەڵێک هاوڕێمان هەیە کە کاندیدبوون و دەرنەچوون کۆمەڵێک گەلەیی و باسیان هەیە ئێمەش پەیڕەوێکی ناوخۆمان هەیە بەو پەیڕەوە دەڕۆین، وە دەستەی بەڕێوەبەرانیش شەش کەسین و کارەکانمان بەردەوامە، ناڕەزایەتیەکەش بەوجۆرەیە دەرگا کراوەیە قسەی هاوبەش بکەین، بەڵام ئەوان لەولا و لەملا شت دەنوسن تائێستا یەکتریمان نەبینیوە قسەی لەسەر بکەین. من نازانم داواکارییەکانیان چیە..".
وتیشی "رەوتێکمان دروستکردووە و کۆنفرانسمان کردووە و دەستەی بەڕێوەبەر لە کۆنفرانسدا هەڵبژێردراوە، کارما کردووە و چوینەتە هەڵبژاردنەوە خاڵی هاوبەش لەوە زیاترە کە نا خاڵێ هاوبەش هەبێت، پێموایە هەمیشە هاوڕێکان دەتوانن گفتوگۆکان بەکراوەیی بکەن نەک لەرووی سۆشیاڵ میدیاوە و نوسینەوە، ئەگەر لێکتێگەیشتن هەبوو ئەوە بەیەکەوە دەبین، ئەگەر نەبوو ئێمە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەڕۆین".
یەکێک لەمەرجەکانی باڵە ناڕازییەکەی رەوتی هەڵوێست بەپێی زانیارییەکانی ئاوێنە ئەندامەکانی دەستەکە بکرێت بە ١٠ کەس، لەوبارەیەوە وتەبێژی رەوتەکە وتی "ئاخر تێناگەم بۆ بکرێت بە ١٠ کەس! ئێمە پەیڕەوی ناوخۆ و دەستەی دامەزرێنەرمان هەیە ئێستا لەپڕۆسەی خۆ رێکخستنەوەین و خۆ ئامادەکردنین بۆ هەڵبژرادنی عێراق، بۆیە هەر داواکارییەک هەبێت دەبێت لە کۆنگرەی داهاتوودا باسبکرێت ئەگەر دەستکاری پەیڕەوی ناوخۆ بکرێت".
پەیوەست بە وادەی بەستنی کۆنگرەش سەردار قادر ئاشکرایکرد "بەپێی سیستەمەکەمان رەوتی هەڵوێست ٢٠٢٦ یان ٢٠٢٨ کۆنگرە دەبەستێت، بەڵام زۆر دەقیق نییم".
لەبارەی بەشداریان لە پەرلەمانی کوردستان، ناوبراو رایگەیاند "ئێمە پەرلەمان مافێکی دەستوری خۆمانە و چوار کورسیمان هێناوە و بەشداری ئەکەین، بەڵام ئەم ٥٠+١ بۆ هیچ لایەنێکی سیاسی تەواو ناکەین. وەکو کورسی خۆمان برادەرەکانمان دەچنە پەرلەمانەوە وە سوێندیشیان خواردووە، بەڵام بەشیک نابین لە دروستکردنی ٥٠+١ بۆ هەر لایەنێکی سیاسی، گەر وابێت ئەوکاتە برادەرانمان دێنە دەرەوە".
سەبارەت بەمەرجێکی دیکەش کە گوایە داهاتی رەوتەکە نادیارە، وتەبێژی رەوتی هەڵوێست ئەوەشی ئاشکراکرد و وتی "ئێمە رەوتێکی نوێین، هاتوینەتە پڕۆسەی هەڵبژاردن بەهاوکاری هاوهەڵوێستان و هاوڕیکانمان، کارمەندمان نییە و ناتوانین کادر بژیەنین، میدیاکەشمان ژمارەیەکی کەمی تێدایە کە یەک سایتمان هەیە و خەرجی کەمە و زۆربەی بەکاری خۆبەخشانە بەڕێوە دەچێت، میدیاکەش هی حزبی رەوتی هەڵوێستە".
سەردار قادر خاڵێکی دیکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت "ئەو داهاتەی بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن خەرجمانکردووە بەشێکی قەرزو قۆڵەیە، نەخێر لەهیچ سەرچاوەیەکەوە داهاتمان نییە و هەمووان لەسەر گیرفانی خۆیان بەشدارییان کردووە لەگەڵ دۆستایەتی".
سەبارەت بە تێکچونی پەیوەندی وتەبێژ و عەلی حەمەساڵحیشەوە، وتەبێژەکەی رەوتی هەڵوێست رونیکردەوە "ئەوانە هەمووی هاوڕێی منن بەیەکەوە سیاسەتمان کردووە بەیەکەوە ئەو رەوتەمان دروستکردووە، ماوەیەک نەخۆش بووم دووربووم، بۆیە دوورە لەراستییەوە تێکچوونی پەیوەندیەکەمان، بەڵکو من لەگەڵ ئەوەدام کە ئێمە رەوتێکی سیاسی ئۆپۆزسیۆنین و بڕیارمانداوە خەباتی پەرلەمانی بکەین، وە بڕیارمانداوە رەوتێکی کاری هەڵبژاردن بکەین وە بەیەکەوە تێگەیشتنی هاوبەش دروست بکەین".