سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە رۆژنامەنوسان راپۆرتی خۆی بۆ ساڵی 2024 بڵاوكردەوەو دەڵێت، لە ساڵی رابردودا 182 پێشێلكاری بەرامبەر 176 رۆژنامەوان و دامەزراوەی میدیایی لە هەرێم كراون.
ئاوێنە: سەنتەری میترۆ، ئەمڕۆ شەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راپۆرتی ساڵی 2024ـی خۆی لەژێر ناونیشانی "یاسا بۆ ئەرشیڤ نییە؛ یاساکانمان گۆڕین، بەڵام جێبەجێکردنیان سەنگی مەحەکە"، بڵاوكردەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، لە ساڵی رابردودا 182 پێشێلکاری بەرامبەر 176 رۆژنامەوان و دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەپێی راپۆرتەكە لەساڵی 2023دا، 231 پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنوسان و دەزگاكانی راگەیاندن ئەنجامدراون و بەوەش پێشێلکارییەکان لەساڵی 2024دا بەراورد بە ساڵی پێشوتر 22٪ کەمبونەتەوە.
بەگوێرەی ئامارەكانی نێو راپۆرتەكە، ساڵی رابردو سێ رۆژنامەوان بە درۆن لە هەرێمی کوردستان کوژراون، 27 هێرش و لێدان و هەڕەشە بەرامبەر رۆژنامەوانان تۆمارکراون؛ مانگی 12ـی ساڵی رابردو زۆرترین پێشێلکاری تۆمارکراون کە 40 پێشێلکاری بون.
هەر بەپێی راپۆرتەکە، 103 رێگری لە رۆژنامەوانان تۆمارکراون، 24 حاڵەتی دەستبەسەرکردنی رۆژنامەوانان بەبێ بڕیاری دادگا، 6 هێرشی ئەلیکترۆنی، 17 دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی رۆژنامەوانی و 2 حاڵەتی شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەوانی تۆمارکراون. 10٪ـی ئەو رۆژنامەوانانەی پێشێلکارییان بەرامبەر تۆمارکراوە، مێ بون و 90٪ـی دیکە نێر بون.
سەنتەری میترۆ لە راپۆرتەكەیدا كۆمەڵێك راسپاردەی خستونەڕو كە داوای جێبەجێكردنیان دەكات لەپێناو باشترکردنی دۆخی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان.
لەنێو راسپاردەكانیدا، سەنتەرەكەدا داواكراوە پێداچونەوە بەو بڕیارە دادوەرییانەدا بكرێت کە ئازادیی رۆژنامەنوسی زەوت دەکەن و هەروەها كاربكرێت بۆ پاراستنی ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەگەری و رەچاوکردنی فرەیی میدیایی لە پێدانی زانیاریدا بكرێت و كۆتایی بە سیاسەتی بەرتەسککردنەوەی جوڵەی رۆژنامەنوسان لەسەر سنورەکان بهێنرێت لەگەڵ دەرکردنی رێنمایی بۆ یاسای پێدانی زانیاری و کۆتاییهێنان بە دیاردەی دەربازبون لە سزا لە هەر توندوتیژییەک بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان.