مەشهەدانی: هەر پەرلەمانتارێك لە یەك دانیشتن ئامادە نەبێت بە یەك ملیۆن دینار سزادەدرێت
  2025-01-19       170       

مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئیفادەكانی پەرلەمانتاران و دەشڵێت، هەر پەرلەمانتارێك لە یەك دانیشتنی پەرلەمان ئامادە نەبێت سزای پێبژاردنی یەك ملیۆن دیناری بەسەردا دەسەپێندرێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی پەرلەمانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، سەرۆكایەتی كۆبونەوەیەكی كردوە لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ كۆتاییهێنان بە حاڵەتی تەواونەبونی رێژەی یاسایی بۆ ئەنجامدانی دانیشتنەكانی پەرلەمان.

مەشهەدانی وتویەتی، لە چەند رۆژی داهاتودا، رێساكانی رەفتاری پەرلەمان بەگوێرەی یاسای پەرلەمان و پەیڕەوی ناوخۆ، كارادەكرێن و پێبژاردنێكی دارایی بە بڕی یەك ملیۆن دینار بەسەر ئەو پەرلەمانتارانەدا دەسەپێنرێت كە لە یەك دانیشتنی پەرلەمان بە نەهاتو تۆماردەكرێن.

هەروەها مەشهەدانی بڕیاریشداوە بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئیفادەكانی پەرلەمانتاران و گەڕانەوە بۆ كاركردن بە دەنگدانی ئەلیكترۆنی لەسەر پڕۆژە یاساكان و كاراكردنی داواكانی پرساندنی تایبەت بە وەزیرەكانی حكومەت.

مەشهەدانی داواشی لە لایەنە سیاسییەكان كردوە بەرپرسیارێتی پابەندكردنی پەرلەمانتارەكانیان بۆ ئامادەبون لە دانیشتنەكانی پەرلەمان لەئەستۆبگرن تاوەكو رێژەی یاسایی دانیشتنەكان بەدەست بێت و بەشداری كارابكەن لە تێپەڕاندنی ئەو یاسایانەی كە دەچنە خزمەتی وڵات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×