سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات لە هەمواری بودجەدا جێگەی ئەو بڕگانە دەكەنەوە کە رێگری لە خۆدزینەوە و هەڵهاتن لە پابەندیەكان دەكەن، هاوکات دەشڵێت "پێویستە هەرێم پابەندبێت بە هەناردەكردنی نەوتەكەی لەڕێی سۆمۆوە".
ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەمیانی راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە "لیژنەی دارایی پەرلەمان کۆبونەوەیەکی فراوانی بە سەرۆکایەتی عەتوان عەتوانی ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی پێشنیازی حکومەت، کە بەرنامەی کاری دانیشتنی سبەینێی لەخۆی گرتووە".
ئەوەش هاتووە "لە كۆبونەوەكدا رێگاكانی ئامادەكردنی هەموارە حكومیە پێشنیازكراوەكەی تایبەت بە بڕگەی 12 لە یاسای بودجەی گشتی باسكرا، بەجۆرێك زامنی چارەسەری كێشەی تێچوی بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان بكات، وەك سەرەتایەك بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر".
هاوکات كۆبونەوەكە، میكانیزمەكانی رێكخستنی پەیوەندی یاسایی نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا نەوتیەكانی كێڵگەكانی هەرێم خستەڕو، لەڕێی جێكردنەوەی ئەو بڕگانەی كە هەموان پابەند دەكات بە جێبەجێكردنی و داخستنی دەروازەكانی خۆدزینەوە و هەڵهاتن، لە بەجێگەیاندنی پابەندیە دەستورییەكان بەگوێرەی ماوەی زەمەنی دیاریكراو.
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێداگرن لە، پێویستی پابەندبونی حكومەتی هەرێم بە هەناردەكردنی نەوتەكەی لەڕێی سۆمۆوە و، ئاگاداركردنەوەی حكومەتی فیدراڵی لە گرێبەستە نەوتیەكانی و بەشداریپێكردنی لە ئیدارەدانی كێڵگەكان.