دو دادوەری دادگای باڵای ئێران كوژران
  2025-01-18       506       
وێنەی ئەو دو دادوەرەی كوژراون

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، لە تارانی پایتەختی ئێران تەقە لە سێ دادوەری ئەندامی دادگای باڵای ئێران كراو دوانیان كوژران و ئەویدیكەیشیان بریندارە. دەسەڵاتی دادوەریی ئێران دەڵێت، دوای روداوەكە تەقەكەرەكە خۆیشی كوشتوە.

ئاوێنە: راگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لە راگەیەندراوێكدا هەواڵەكەی پشتڕاستكردۆتەوە رایگەیاندوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، لە تاران كەسێكی چەكدار لە بینای دادگای باڵای ئێران لە "كردەوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراودا" دو دادوەری دادگاكەی كوشتون.

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران روداوەكەی بە "تیرۆریستی" ناوبردوەو رایگەیاندوە، ئەو دادوەرانەی كوژراون، دو دادوەری دیاری دادگای باڵای ئێران بون بەناوەكانی عەلی رازینی و محەمەد مەقیسە، یەكەمیان سەرۆكی هۆبەی 39 و دوەمیان سەرۆكی هۆبەی 53 دادگای باڵای ئێران بون.

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، لەگەڵ ئەوەی ناسنامەی تەقەكەرەكەی ئاشكرا نەكردوە، بەڵام ئاماژەی بەوەداوە كە بەگوێرەی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، تەقەكەرەكە هیچ دۆسیەیەكی لە دادگای باڵای ئێران نەبوەو سەردانكەری هیچ یەك لە هۆبەكانی دادگاكەش نەبوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، لەدوای روداوەكەو لەكاتی هەوڵدان بۆ دەستگیركردنیدا، تەقەكەرەكە دەستبەجێ خۆی كوشتوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، لە ئێستا دەستكراوە بە لێكۆڵینەوە بۆ ناسینەوەو دەستگیركردنی ئەو كەسانەی لەپشت "ئەم كردەوە تیرۆریستییەوەن."

بەگوێرەی ئاژانسی فارس نیوز، لە روداوەكەدا دادوەرێكی دیكەی دادگای باڵای ئێران بەناوی "میری" برینداربوەو هەروەها پاسەوانێكی دادگاكەش بریندار بوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×