ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەكە، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای هەموواری یەكەمی یاسای بودجەی گشتیی دەدرێت.
ئاوێنە: بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە ناوەڕۆكی كارنامەی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە کە تیایدا هاتوە، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان و خوێندنەوە بە چەند یاسایەك كۆدەبێتەوە، یەكێك لەوانە، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای دەزگای هەواڵگری نیشتمانیی دەدرێت، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای هەموواری یەكەمی یاسای بودجەی گشتیی بۆ ساڵانی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥) دەدرێت.
ئاماژە بەوەشكراوە، هەر لە كۆبوونەكەدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای هەموواری چوارەمی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی بۆ كەرتی تایبەت و گشتی دەدرێت، هەروەها دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای سەندیكای پرۆگرامسازانی عێراق دەدرێت.
هاوكات، جگە لەوانەش دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای هەموواری یەكەمی یاسای هاوتاكردنی بڕوانامەی زانستی عەرەبی و بیانی دەدرێت، هەروەها جگە لە دەنگدان بەو پڕۆژەیاسایانە خوێندنەوەی یەكەم بۆ سێ پڕۆژەیاسای دیكە ئەنجام دەدرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە كۆبوونەوەكە كاتژمێر ١ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت.