ئا: محەمەد هاوژین
بۆیاخچییەکان باس لەوە دەکەن کە بازاڕیان نەماوە، لەبەرئەوەی زۆربەی خەڵک پێڵاوی وەرزشی بەکاردەهێننو هاوکات بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئەو کەرەستانەی ئەمان بەکاریدەهێنن، بۆیاخچییەک دەڵێت "ڕۆژانە بەزەحمەت ٢٠ هەزارم دەستدەکەوێت".
عەلی (ناوێکی خوازراوە)، ماوەی ١٠ ساڵە هەموو بەیانییەکی ژیانی لەسەر شۆستەکەی بەرامبەر چایخانەی شەعب بەبۆیاخ کردنی پێڵاو دەستپێدەکات، کە یەکێکە لەشوێنە قەرەباڵغەکانی ناو بازاڕی سلێمانی، ئەم گەنجە تەمەن ٣٠ ساڵە کە چەندین جۆر قوتووە بۆیاخو فڵچەو نەعلو پەڕۆو پێڵاوی لەدەوری خۆی کردوەتەوە، باس لەوە دەکات ژیانو ئیشەکەیان ساڵ بەساڵ قورسترو گرانتر دەبێت، ئەو بەئاوێنەی وت "بەراورد بەڕابردوو هەموو شتێک خراپترو گرانتر بووە، پارو پێرار ئەو فڵچە باشانەی بە ٣ هەزار دینار دەمانکڕی، ئێستا بە ٥ هەزارە، نرخی قوتووەیەک بۆیاخی باش دوو قات بەرز بووەتەوە، نرخی کەرەستەکان هەموو ڕۆژێک بەرز دەبنەوە، کەچی لەبەرامبەردا ئێمە هەر وەک جاران جووتێ پێڵاو بەهەزار دینار بۆیاخ دەکەین".
عەلی پێیوایە هەرچەندە رێژەی بێکاریی زۆرەو بەزەحمەت ئیشت دەستدەکەوێت، بەڵام ساڵ بەساڵ ژمارەی ئەوانەی بۆیاخچێتی دەکەن بەپیشەی خۆیان کەمتر دەبیتەوە، ئەو وتی "ساڵ بەساڵ ژمارەی مشتەرییەکانمان کەم دەبنەوە، ژمارەی بۆیاخچییەکانیش بەراورد بەجاران کەم دەبنەوە، ئێستا زۆربەی خەڵک پێڵاوی وەرزشی لەپێدایە، ساڵانی پێشوو جاری وابوو شەش حەوت جووت پێڵاوم لێرە ڕیز دەکرد، فریا نەدەکەوتم بۆیاخیان بکەم، بەڵام ئێستا دەبێت زۆرجار بەوانەی بێرەدا تێدەپەڕن داوایان لێبکەیت قاچیان دابنێن تا پێڵاوەکەیان بۆ بۆیاخ بکەین".
عەلی کە باس لەوە دەکات گیانێکی بەوەیە تا ئێستا هاوسەرگیری نەکردووەو "سنگلە"، کاتێک لێیدەپرسی بۆیاخچێتی کارێکی باشو خۆشە، بەنیگەرانییەوە دەڵێت "نەوەڵا، زۆر خراپو ناخۆشە، بەڵام نازانم ئەگەر واز لەم کارە بهێنم چی بکەم؟ ئەگەر بزانم ئیشێکی ترم دەستدەکەوێ، بۆیاخچێتی ناکەم".
پیشەی بۆیاخچێتی، مێژووییەکی کۆنی هەیە لەشاری سلێمانیو کوردستاندا، پیشەی خەڵکێکی هەژارە، کە زۆربەیان خوێندنیان تەواو نەکردووەو لەناو بازاڕو بەردەم چایخانەو شوێنە قەرەباڵغەکانی ناو شاردا، سندوقە بۆیاخەکانیان دادەنێنو خەریکی بۆیاخکردنی پێڵاون، زۆربەی گەنجنو پیاوی بەتەمەنو کوڕی هەرزەکارو تەنانەت منداڵیشیان تیایە. شوێنی زۆر دیاری بۆیاخچییەکانی سلێمانی بەردەم بازاڕی عەسری، بەرامبەر چایخانەی شەعبە، کە چوار وەرزی ساڵ، بەسەرماو گەرما، چەندین گەنج لەبەیانییەوە تا ئێوارەیەکی درەنگ لەسەر شۆستەکە دادەنیشنو پێڵاو بۆیاخ دەکەن.
محەمەد (ناوێکی خوازراوە)، شەرواڵێکی رەشو قەمسەڵەیەکی خاکی لەبەردایەو تەمەنی ٢٩ ساڵە، ئاماژە بەوە دەکات بەهۆی ئەوەی دوو منداڵی هەیەو بەچەند رۆژ جارێک ئیشی کرێکاریی دەستدەکەوێ، ناچار بووە ماوەی دوو ساڵە لەپاڵ کرێکاریدا وەک ئیشی دووەم بۆیاخچێتی بکات، ئەو بەئاوێنەی وت "خێزانو ماڵو مناڵم هەیەو دەبێت ئیش بکەم، خواو ئەم سندوقە شک دەبەم، بۆیاخچێتی بەتەنها بەشی بژێویی ژیانی خێزانەکەم ناکاتو ئیشی دووەممە".
محەمەد کە لەئێوارەیەکی درەنگ وەختی سارددا لەبەرامبەر چایخانەی شەعب بەدیار سندوقەکەیەوە دانیشتبوو، چاوەڕێی کەسێک بوو بێتوو پێڵاوی بۆ بۆیاخ بکات، ئەو بەئاوێنەی وت "پێشتر کرێکاریم دەکرد، ئێستاش کرێکاریم دەستکەوێ ئەچم، چونکە ئەگەر کرێکاریم دەستبکەوێت کرێکارییەکە باشترە، بەڵام ئەوەندە کرێکاری ئێرانیو عەرەب زۆر بووە بەزەحمەت ئیشمان دەستدەکەوێت، ئەمڕۆ تا کاتژمێر سێو نیو لەمەیدانی کرێکاران بووم، کە ئیشم دەستنەکەوت، کاتژمێر چوار هاتم بۆ ئێرەو تا ئێستا ٢ هەزار دینارم دەستکەوتووە".
وتیشی "بەکرێکارییو بۆیاخچێتی نانی خۆمو ماڵو منداڵم پەیدا دەکەم، تەنها خۆم لەخێزانەکەمدا ئیش دەکەم، بەدوو ئیشو راکە راک ئنجا بەباشی فریا ناکەوم، زۆرترین پارەم دەستکەوێ رۆژانە ٢٠ بۆ ٢٥ هەزار دینارە".
بۆیاخچێتی بەتەنها بەشی بژێویی ژیانی خێزانەکەم ناکاتو ئیشی دووەممە
بۆیاخچییەکان باس لەوە دەکەن هەروەک چۆن بەهۆی قەیرانی داراییو دواکەوتنی مووچەوە بازاڕ وەستاوە، کارو داهاتی ئەوانیش کەمی کردووەو ساڵ بەساڵیش ئەم پیشەیە بایەخی کەمتر دەبێت.
ئاوات (ناوێکی خوازراوە)، تەمەنی ٣٨ ساڵەو ماوەی ١٥ ساڵە کاری بۆیاخچێتی دەکات، ئاماژە بەوە دەکات چەند ساڵێک لەمەوبەر ئەم شۆستەیەی بەردەم بازاڕی عەسریو بەرامبەر چایخانەی شەعب، لەم سەرەوە تا ئەوسەری بەڕیز بۆیاخچی دانیشتبوونو لەبەردەم هەر چایخانەیەکی شاریشدا یەک دوو بۆیاخچی بەسندوقەکانیانەوە ئامادە بوونو ئیش هەبوو، چل پەنجا بۆیاخچی لەناو شاردا هەبوون، بەڵام ئێستا لەبەردەرکی سەراوە تا بەرامبەر بازاڕی زانکۆ، تەنها پێنج شەش بۆیاخچی تیا ماوە، ئەو وتی "بۆیاخچێتیو هیچ شتێک بازاڕی نەماوە، چەندیش دەستکەوێ بەشی بژێویی ژیانت ناکات، چونکە رۆژ بەڕۆژ نرخی هەموو شتێک بەرز دەبێتەوە، بەزەحمەت ڕۆژانە ٢٠ هەزارم دەستدەکەوێت، دوای کڕینی نانی نیوەڕۆو جگەرە، تا دەگەمەوە ماڵەوە ١٥ هەزارم لەگیرفانمدا ماوە، پێشتر ئیشەکەمان باشتر بوو، خەڵک پارەیان پێبوو، بۆ کەشخەیی پێڵاوەکانیان دەدرەوشانەوە، ئێستا زۆربەی گوێ ناداتێ".
وتیشی "کاتی خۆی بۆیە ئەم ئیشەم هەڵبژارد، بۆ ئەوەی خۆم گەورەو سەرۆکی خۆم بمو کەس فەرمانم بەسەردا نەکاتو لەبەردەستی کەسدا ئیش نەکەم، کەی بمەوێ دێمە ئێرەو کەی بشمەوێ بەکەیفی خۆم دەڕۆمەوە".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.