لەکۆی ٨٠ بەڕێوەبەرایەتی‌و فەرمانگەی دھۆک، تەنها "٧"یان ژن بەڕێوەیدەبەن
  2025-01-15       172       
ژنانی دهۆک: بۆ قایمقامێکی ژنمان نییە؟

ئا: عەمار عەزیز

 

کچان‌و ژنانی دھۆک نیگەرانن لەحکومەتی هەرێم لەبەرئەوەی وەک پێویست ھاوکاری‌و پاڵپشتییان ناکات تا پۆستی باڵا وەربگرن، لە کۆی زیاتر ٨٠ بەڕێوەبەرایەتی‌و فەرمانگەی حکومی ٧ بۆ ٨ پۆستی باڵایان ھەیە.

 

شیلان یونس، زیاتر لەسێ ساڵە بەڕێوەبەری چاپ‌و بڵاوکردنەوەیە لەدهۆک، ئەو پێیوایە رێژەی ژنان لەپۆستە باڵاکان لەدھۆک زۆر کەمەو باسی چەند ھۆکارێک دەکات، شیلان بەئاوێنەی وت "لەکۆی نزیکەی ٨٠ بەڕێوەبەرایەتی گشتی‌و فەرمانگەکانی دھۆک، تەنها ٧ بۆ ٨یان ژن بەڕێوەیدەبەن، رێژەکە یەکجار کەمە، ھۆکارەکانیش زۆرن، لەوانە ژن بەخۆی ھۆکارێکی سەرەکییە دەبێت خۆی ھەوڵ بدات، چونکە کەس نایەت بەشوێنتدا بۆ ماڵەوەو بڵێت فەرموو وەرە فلان پۆست وەربگرە، دووەم کۆمەڵگاش هۆکارە کە ھەمیشە دەڵێن کەی ژنێک توانای ئەوەی ھەیە فەرمانگەیەک بەڕێوەببات! یان چۆن دەبێت ژنێک ببێتە بەرێوەبەری گشتی یان قایمقام! ئەمە زۆر ھەڵەیەو دەبێت ئەم بۆچوونە ڕاست بکرێتەوە ".

شیلان  باس لەحکومەتیش دەکات وەک ھۆکارێک بۆ کەمی رێژەی بوونی ژنان لەپۆستە باڵاکاندا، ئەو وتی "پێویستە حکومەت ئەو رێژەیەی بۆ ژنان دیاریکراوە کە ٣٠٪یە بەکردار بچێتە بواری جێبەجێکردن، نەک هەر بۆ پەرلەمان، بەڵکو بۆ دامودەزگاکانی حکومەتیش، بەنموونە ئەگەر ١٠٠ پۆستی باڵامان ھەبێت دەبێت ٣٠ پۆست ژن بەرێوەیببەن، ھەروەھا حکومەت زیاتر رێگا بۆ ژنان هەموار بکات بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵا، دەکرێ هەڵسەنگاندن بکەن کە ئەو ژنانەی ئێستا بەرێوەبەرایەتیەک بەڕێوەدەبن چەند سەرکەوتوون لەکارەکانیان، کە بەبڕوای من بەباشترین شێوە بەڕێوەیدەبەن".

بەبڕوای شیلان تواناکانی ژنان لەبەرێوەبردنی فەرمانگەیەک ھیچی کەمتر نیە لەپیاوان، ئەو وتی "ئەوە زیاتر لەسێ ساڵە لەم پۆستەدام، توانیمە تا ڕادەیەکی زۆر باش فەرمانگەکە بەڕێوەببەم ئەوەش بەشاھیدی فەرمانبەرەکانی خۆم‌و ئەو خەڵکەی سەردانمان دەکەن، دوای ئەم ئەزموونە ئێستا بەنیازم پۆستی لەمە گەورەتر بەدەستبێنم‌و ھەوڵی جددیشی بۆ دەدەم".

 

ئەمە لەکاتێکدایە کە لەساڵی ٢٠٢١دا شیلان یونس دەبێتە بەرێوەبەری چاپ‌و بڵاوکردنەوە، عائیشا شەوکەت، وەک جێگری بەرێوەبەری گشتی رۆشنبیری‌و ھۆنەری دھۆک دەست بەکاربوو، دادوەر ھەدار عەبدولمەجید، بوو بەسەرۆکی داواکاری گشتی لەپارێزگای دھۆک، ھەروەھا شیلان سامر، بووە بەرێوەبەری مین و تەقەمەنی لەدھۆک. لەشوباتی  ساڵی ٢٠٢١دا میران عەبدولرەحمان تەھا، وەک یەکەم ژن بوو بەبەڕێوەبەری ناحیەی بامەڕنێ. ھەروەھا ھەمان ساڵ، ھەڵات عەبدولکەریم  بوو بە بەڕێوەبەری چاکسازی ژنان‌و مێردمنداڵان، ھەروەھا ئاری عادل، وەک سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دھۆک دەستبەکاربوو.

 

شەمعون شلیمون، جێگری پارێزگاری دھۆک بۆ کاروباری کارگێریی، لەمبارەیەوە بەئاوێنەی وت "لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا ٧ بۆ ٨ ژن لەسنوری پارێزگای دھۆک پۆستی باڵایان وەرگرتووە، رێژەکە کەمەو ئەمە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ بڕیاری حزب‌و حکومەت، ئەوان ھەر ناوێک بۆ ئێمە بنێرن بۆھەر پۆستێک ئەوا ئێمەش رێکاری پێویست دەگرینەبەر، لای ئێمە رەگەز گرنگ نیەو ھیچ جیاوازی لەنێوان ژن‌و پیاو ناکەین گرنگ ئیشکردنەو ڕایکردنی مامەڵەکانی خەڵکە ".

وتیشی "ھەوڵ ھەیە ژنان زیاتر پۆستی باڵا وەربگرن، چونکە حکومەتی ھەرێم ھەمیشە پاڵپشت‌و ھاوکاری ژنان دەکات لەبەرەو پێشبردنی تواناکانیان، ئێمەش وەکۆ ئیدارەی پارێزگا بەھەموو شێوەیەک پاڵپشت‌و ھاوکارین، ژنێکمان ھەیە بەرێوەبەری ناحیەی بامەرنێیە، بەڵام ھەموو قەزاکانی ئێمە، قایمقامەکان پیاون، دەکرێت ژنێک بکرێتە قایمقامی قەزایەک، بەڵام تا ئێستا ھیچ شتێکی فەرمی نیە".

 

بەپێی دەستوری عیراق ھەموو ھاوڵاتیەک،  بەژن‌و پیاوەوە مافی بەشداریکردنی لەکاروباری گشتیدا هەیەو ئەنجۆمەنی ئافرەتانی دھۆکیش گەشبینن کە رێژەی ژنان لەپۆستە باڵاکان زیاد بکرێت.

 

خەڵات جەمال، بەرپرسی ئەنجومەنی ئافرەتانی دھۆک، لەمبارەوە بەئاوێنەی وت "لەکۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەمیشە داوامان کردووە کە رێژەی ژنان لەپۆستە باڵاکان زیاد بکرێت، چونکە پێمانوایە رێژەکە کەمەو پێویستە زیاد بکرێت، ئێمە گەشبینین کە رێژەکە زیاد دەکرێت بەپێی ئەو زانیاریانەی بەدەست ئێمە گەیشتووە".

وتیشی "ئێمەش دەپرسین بۆ قایمقامێکی ژنمان نیە یان ھەر پۆستێکی تر؟ لەکاتێکدا ژنان لەکاتی ڕاپەراندنی کارەکانیان زۆر سەرکەوتوو، وردو دەستپاک‌و خەمخۆرن".

سەبارەت بەهۆکاری کەمی رێژەی ژنان لەپۆستە ئیدارییەکان لەسنوری پارێزگای دھۆک، خەڵات وتی "ژن کۆمەڵێک ئەرکی ھەیە، لەوانە خێزانەکەی‌و پەروەردەکردنی منداڵان، رەنگە وەک پیاو کات‌و دەرفەتی نەبێت".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×