مەزڵوم عەبدی: داوام لە مەسعود بارزانی كرد نێوەندگیری بكات بۆ راگرتنی هێرشەكانی توركیا
  2025-01-19       274       

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند، لە كۆبونەوەكەی ئەم دواییەیدا لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی لە هەولێر، داوای لە نابراو كردوە "پەیوەندییە باشەكان"ی خۆی لەگەڵ توركیا بەكاربهێنێت و نێوەندگیری بكات بۆ راگرتنی هێرشەكانی ئەو وڵاتە بۆ سەر رۆژاڤا.

ئاوێنە: مەزڵوم عەبدی، لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵ ئەلعەرەبیە، رایگەیاند، یەكێك لە خاڵەكانی كۆبونەوەكەمان لەگەڵ مەسعود بارزانی چۆنیەتی راگرتنی هێرشەكانی توركیا بو بۆ سەر ناوچەكانی ئێمە.

وتیشی، وەك دەزانن مەسعود بارزانی پەیوەندیی باشی لەگەڵ توركیا هەیە، بۆیە داوام لێكرد پەیوەندییەكانی بەكاربهێنێت و نێودەندگیریی بكات لەپێناو راگرتنی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانمان.

ئاماژەی بەوەشدا، مەسعود بارزانی بەڵێنی دا كە بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی خۆی لەوبارەیەوە من متمانەم بەوە هەیە كە هەوڵی خۆی دەدات، بەڵام ئێمە ئەوەش دەزانین كە ئەردۆغان و حكومەتی توركیا، پلانی تایبەتی خۆیان هەیەو دەیانەوێت جێبەجێی بكەن.

مەزڵوم عەبدی وتیشی، تەنانەت نێوەندگیریی ئەمریكاش لە ماوەكانی ئەم دواییەدا، ئەو ئەنجامەی نەبو كە ئێمە دەمانویست. ئەمە بابەتێكی زۆر قورسە، بەڵام هەوڵەكان بەردەوام دەبن لەگەڵ توركیا.

لەگەڵ ئەوەش فەرماندەی گشتی هەسەدە وتی، ئەمریكییەكان دەتوانن كۆتایی بە هێرشەكانی توركیا بهێنن ئەگەر بیانەوێت. ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا ئەمریكییەكان نێوەندگیری دەكەن بۆ جێبەجێكردنی ئاگربەستێكی هەمیشەیی لەگەڵ توركیا لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا.

جەختیشی كردەوە كە توركیا پلانێكی رونی هەیە و دەیەوێت هەژمون و كۆنترۆڵی سوریا بكات. بەڵام ئێمە دەمانەوێت كێشەكانمان لەگەڵ توركیا لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بكەین.

ئاماژەی بەوەشدا، پێدەچێت توركیا بیەوێت كۆبانێ داگیربكات بۆ یەكخستنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی.

لەبارەی ئەحمەد شەرع، سەرۆكی ئیدارەی نوێی سوریا، مەزڵوم عەبدی وتی، پێشتریش ئەوەمان وتوە كە لێدوانەكانی ئەحمەد شەرع بەگشتی ئەرێنین، بەڵام ئێمە لە ئێستادا چاودێری ئەوە دەكەین كە قسەكانی بكاتە كردار، ئەوەش هەڵوێستی ئێمە لەبارەی ئەحمەد شەرع دیاری دەكات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×