ئەو ڕۆژەی هەمووان چاوەڕێی بوون، چی دەگۆڕێت دوای دەستبەکاربوونی ترەمپ؟
  2025-01-19       765       
ترەمپ

ئا: ئاوێنە

 

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی کانونی دووەم، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمریکا بەفەرمی دەستبەکار دەبێت. بەپێی بەشێکی بەرچاو لەشرۆڤەکاران، پێدەچێت سەرۆکایەتییەکەی سەرەتای گۆڕانکارییە جیهانییە بەرفراوانەکان بێت. ئەمە چۆن‌و چ کاریگەرییەکی لەسەر کوردو کوردستان دەبێت؟

 

هەموو وڵاتانی جیهان لەئامادەکاریدان بۆ قۆناغێکی نوێ لەسیاسەتی ئەمەریکا لەسایەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا، پێشبینی کردنی هەنگاوەکانی چوار ساڵی داهاتووی ئیدارەی ترەمپ بۆ زۆربەی سەرکردەکانی جیهان ئەستەمەو نازانن ترەمپ لەماوەی خولی دووەمیدا چی دەکات وەک سەرۆک کۆمارو چ رووداوێکی چاوەڕوان نەکراوی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە بۆ ناوچە جیا جیاکانی جیهان؟

دوای چوار ساڵ لەئیدارەی جۆ بایدن‌و هەڵوێستە ناڕوونەکانی بەرامبەر بەپرسە ئەمنییەکانی جیهان، گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر ململانێ چارەسەرنەکراوەکانی جیهان، هەر لەئۆکرانیاوە بگرە تا دەگات بەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و کوردستان.

خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترمپ، بۆ کورد هەم مایەی گەشبینی‌و هەم رەشبینی بوو، کە رۆڵی کاریگەریی هەبوو لەتێکشکاندنی داعش‌و پلانداڕشتن بۆ فشارخستنە سەر ئێران‌و کوشتنی قاسمی سلێمانی، کە بەسەرەتای داکشانی بەرەی مقاوەمە دادەنرێت. بەڵام لەبەرامبەردا ئیدارەی ترمپ لەخولی یەکەمیدا، زۆری نەمابوو لەهەلومەرجێکی سەخت‌و دژواردا هێزەکانی لەسوریا بکشێتەوەو رۆژئاوای کوردستان بەتەنیا لەبەردەم دوژمنە شەڕەنگێزەکانیدا بەجێبهێڵێت، هاوکات تورکیا عەفرینی داگیر کردو زنجیرەیەک هێرشی بۆ تەنگپێهەڵچنین بەڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد. ئەمە جگە لەوەی خولی یەکەمی ئیدارەی ترەمپ دژایەتی ئەمەریکای بۆ ریفراندۆمی کوردستان راگەیاند.

ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە: خولی دووەمی سەرۆکایەتی ترمپ، چی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە بۆ کوردستان؟

ئەمەریکا هێزێکە کاریگەری لەسەر سەرانسەری دنیا هەیەو بەبزوێنەری سەرەکی رووداوە گەورەکانی جیهان دادەنرێت، رەنگە هیچ میللەتێکیش نەبێت هێندەی کورد کاریگەری ئەمەریکای لەسەر بێت.

ئەوەی جێی سەرنجە دەستپێکی ئیدارەی نوێی ترەمپ بۆ کورد هیوابەخشە، کە مەزلوم عەبدی  فەرماندەی هەسەدە، لەسایەی پاراستنی ئەمریکاداو بەهەلیکۆپتەری ئەمەریکی سەردانی هەولێر دەکات‌و لەگەڵ بارزانی کۆدەبێتەوە. پێشتریش بەهەلیکۆپتەری ئەمریکی بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەردانی دیمەشقی کردبوو. هاوکات جەنەڕاڵ کۆریلا فەرماندەی سەنتکۆم سەردانی مەزلوم عەبدی دەکات لەڕۆژئاوای کوردستان.

بەپێی ئەوەی لەمیدیاکاندا دەوترێت، ئەم هەنگاوانە بەڕێنمایی ڕوبیۆی وەزیری دەرەوەی ترەمپ بووە، وەک پاڵپشتی بۆ کورد بەگشتی‌و بۆ کوردی رۆژئاوا بەتایبەتی. بۆ ئەوەی لەم قۆناغە هەستیارەدا کورد هەڵوێستێکی یەکگرتوویی هەبێت سەبارەت بەڕووداوەکان‌و ناکۆکییەکانیان وەلابنێن، چ لەئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان‌و چ لەئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان‌و رۆژئاوا، هەروەها لەنێوان پەیەدەو ئەنەکەسە، هاوکات ئەمەریکا لەهەوڵی دوورخستنەوەی مەترسی شەڕی تورکیایە دژ بەڕۆژئاوای کوردستان‌.

وەک نوسەرێکی ئێرانی دەڵێت "کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی‌و مەزلوم عەبدی، هاوشێوەی ڕووداوێکی تری مێژووییە، کە ڕێککەوتنی واشنتۆنی ساڵی ١٩٩٨ی نێوان تاڵەبانی‌و بارزانییە، بەدەستپێشخەری مادلین ئۆلبرایت، کە کۆتایی بە زیاتر لەسی ساڵ لەشەڕی ناوخۆی پچڕپچڕی نێوان پارتی‌و یەکێتی هێناو بناغەی هەرێمی کوردستانی ئێستای دانا".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×