دەم پارتی: هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژاڤا، گفتوگۆكانی چارەسەر ژەهراوی دەكەن
  2025-01-19       176       

دەم پارتی ئیدانەی ھێرشەكانی توركیا بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی لەسەر بەنداوی تشرین و شەهیدكردنیان دەكات و هۆشداریش دەداتە دەسەڵاتدارانی توركیا كە دەست هەڵبگرن لە هێرشکردنە سەر گەلی کورد و دامەزراوەکان و ئاشتیخوازان و دەشڵێت، ئەم سیاسەتە گفتوگۆکانی چارەسەر ژەهراوی دەکەن.

ئاوێنە: دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی دەم پارتی، ئەمڕۆ یەكشەممە، راگەیەندراوێكی لەبارەی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژاڤا بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتوە: “گەلی تورکیا لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوەوە هەستی بە هیوا و جۆشوخرۆشێکی مەزن کرد بۆ گفتوگۆکانی چارەسەری دیموکراتییانەی پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیا و بە هەمو توانایانەوە پشتیوانیان لە پرۆسەکە کرد، لە خواستی ئاشتی و وڵاتێکی دیموکراتیدا یەکیان گرت. دەسەڵات بە هێرشە سەربازی و سیاسییەکانی هیوای ملیۆنان کەس بۆ ئاشتی و دیموکراتی دەشکێنێت."

ئاماژەی بەوەشداوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردودا چەندین کەس كە بۆ ڕاگرتنی شەڕ چونەتە بەنداوی تشرین، لە ئەنجامی هێرشەکاندا گیانیان لەدەستداوە. دڵگرانین بەوەی ئەکتەری کۆمیدی و شانۆکاری کورد "باڤێ تەیار" کە لەم هێرشانەدا بە سەختی بریندار بو، گیانی لەدەستداوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، باڤێ تەیار وەک هونەرمەندێک جێگەی خۆی لە دڵی ملیۆنان کورددا گرت. پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری تەیار و گەلی کورد دەکەین. ئێمە بە توندی ئەو هێرشانە شەرمەزار دەکەین. بەم بۆنەیەوە سڵاو و هەستی هاوسۆزی خۆمان دەنێرین بۆ گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە چەند ڕۆژێکە لە بەنداوی تشرین خاکەکەیان دەپارێزن و چالاکیی قەڵغانی مرۆیی ئەنجام دەدەن بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکان.

دەم پارتی وتوشیەتی، هۆشداری دەدەینە دەسەڵات، دەست هەڵبگرن لە هێرشکردنە سەر گەلی کورد و دامەزراوەکان و ئاشتیخوازان. ئەم سیاسەتی هێرشكردنەی دەسەڵات گفتوگۆکانی چارەسەر ژەهراوی دەکەن.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، بانگەواز لە ملیۆنان هاوڵاتی و ڕایگشتی دیموکراتی دەکەین کە دژی هێرشەکانی دەسەڵات کە بە ئامانجی لەناوبردنی ئاشتی ئەنجامی دەدات، ناڕەزایەتیی دیموکراتیانەی بەهێز نیشان بدەن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×