سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی: لایەنە شیعەكان داوا دەكەن ماددەیەكی دیكەی یاسای بودجە هەموار بكرێتەوە
  2025-01-19       308       

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی هۆكاری كۆسپ دروستكردن بۆ دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای بودجە كە هەموارەكە تایبەتە بە تێچوی دەرهێنانی نەوت لە هەرێم، دەڵێت، لایەنە شیعەكان داوا دەکەن، ماددەی 14 وەک ماددەی 12 لە یاسای بودجە، هەموار بکرێتەوە.

ئاوێنە: ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، بە میدیای حزبەكەی وت: لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا، هەندێ لایەنی شیعی نەیانهێشت بەتەنیا هەمواری ماددەی 12ـی یاسای بودجە بکرێت کە پەیوەستە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان.

بەپێی قسەی ڤیان سەبری، لایەنە شیعییەکان وتیان نابێت تەنیا ماددەیەک تایبەت بە کورد هەموار بکرێتەوە، پێویستە هەمواری ماددەی 14ش بکرێت کە پەیوەستە بە شایستەی ئەو پارێزگایانەی نەوتیان لێ دەردەهێندرێت لە عێراقدا.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی وتیشی، ئەو کێشەیەی ئەوان باسی دەکەن، پەیوەستە بە وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق کە جێبەجێی ناکات، نەوەک ئەو ماددەیەی پەیوەستە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×