هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا كەوتوونەتە دۆخی ئامادە باشییەوە
  2025-01-20       495       

سەرچاوەیەكی ئاگادار ڕایگەیاند، دوای ئەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە بنكەی كێڵگەی نەوتی عومەر لە پارێزگای دێرەزۆری سووریا زانیاری وردیان سەبارەت بە هەبوون و هێرشی گرووپە چەكدارەكان لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی بنكەكە پێگەیشت، ژمارەیەكی زۆر سەربازیان لە بنكەكە جێگیركردووە و كەوتوونەتە دۆخی ئامادەباشییەوە.

ئاوێنە: میدیا عەرەبییەكان لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادار سەبارەت بە كەوتنە دۆخی ئامادەباشی هێزەكانی ئەمریكا لە بنكەی كێڵگەی نەوتی عومەر، زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.

ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند، دوای ئەوەی هێزەكانی ئەمریكا زانیارییان لەبارەی دزەكردنی چەكداران بۆ ناوچەكانی نزیكی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی بنكەكە پێگەیشت، كەوتوونەتە دۆخی ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا ئاسمانی ناوچەكە فڕینی چڕ و پڕی هێلیكۆپتەرەكانی ئەپاچی و جۆرەكانی دیكەی هێزەكانی ئەمریكای بەخۆیەوە دەبینێت.

باسی لەوەشكردووە، هێزەكانی ئەمریكا ترسیان لەوە هەیە، كە چەكدارەكان مووشەكی بەرگری ئاسمانییان پێ بێت، كە دەتوانێت هەڕەشە لە فڕۆكە بارهەڵگر و سەربازییەكان بكات، كە جارجارە لە بنكەكەدا دەنیشنەوە بۆ گواستنەوەی سەرباز و كەلوپەلەكان.

جەختیشی كردەوە، بنكەی عومەر یەكێكە لە بنكە ستراتیژییەكانی پاڵپشتیكردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لە ناوچەكانی دەوروبەری، بەتایبەتی لە حەسەكە و شوێنەكانی دیكە، هەروەها نیگەرانییەك لە نێو هێزەكانی ئەمریكادا هەیە، سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی هێرش لەلایەن ئەو گرووپانەوە، كە واشنتۆن وەك تیرۆریست پۆلێنیانی كردووە.

جێگای ئاماژەیە، بنكەی كیڵگەی عومەری هێزەكانی ئەمریكا یەكێكە لە گەورەترین بنكە سەربازییەكانی ئەو وڵاتە لە سووریا و ناوچەكە، كە بە بەردەوام و چەك و كەلوپەل و سەرباز لە عەین ئەسەدەوە بۆ بنكەی عومەر و بەپێچەوانەشەوە دەگوازێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×