مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە لە رۆژاڤا لەگەڵ نوێنەری مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی كۆبوەوە و هەسەدەش ناوەڕۆكی كۆبونەوەكە ئاشكرادەكات
ئاوێنە: ناوەەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات- هەسەدە لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ دوشەممە، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە پێشوازی كرد لە حەمید بەندەری، نوێنەری مەسعود بارزانی و لە كۆبونەوەیەكدا تاوتوێی دوایین پێشهاتەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی كوردی و ناوچەكەیان كرد.
كۆبونەوەكە بەشێوەیەكی داخراو بەڕێوەچوەو بەپێی راگەیەندراوەكەی هەسەدە حەمید بەندەری نامەیەكی پشتیوانیی مەسعود بارزانی گەیاندۆتە مەزڵوم عەبدی كە تێیدا جەختی لە گرنگی یەكخستنی ریزەكانی كورد و بەهێزكردنی هەماهەنگی هاوبەش بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵەنگارییەكانی ئێستای سوریا كردۆتەوە.
وەك لە راگەیەندراوەكەی هەسەدەدا هاتوە، لای خۆیەوە، مەزڵوم عەبدی سوپاسی نامەكە و پشتیوانیی مەسعود بارزانی كردوەو جەختیشی لەوە كردۆتەوە كە قۆناغی ئێستا پێویستی بە یەكخستنی هەوڵەكانی سەرجەم لایەنە كوردییەكانە لەپێناو بەدیهێنانی سەقامگیری و گەرەنتیكردنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد.