نێچیرڤان بارزانی و مالیكی جەخت لە هاریكاری هاوبەش بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵەنگارییەكان دەكەنەوە
  2025-01-13       243       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم و نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە بەغدا كۆبونەوەو جەختیان لە گرنگی هاریكاری هاوبەشی نێوان لایەنەكان كردەوە بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵەنگارییەكان. هەروەها نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی مالیكی كرد بۆ سەردانكردنی هەرێمی كوردستان.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ دوشەممە، نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە بەغدا، پێشوازی كردوە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم و وەفدی یاوەری.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی نوسینگەكەی مالیكی، لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی پێشهاتەكانی دۆخی سیاسی و ئەمنی وڵات و ناوچەكە كراوە.

هەردولا گفتوگۆشیان كردوە لەسەر ئەو ئاڵەنگارییانەی كە روبەڕوی ناوچەكە بونەتەوە لەگەڵ لێكەوتەكانی لەسەر عێراق و دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ قەیرانەكانی ئێستا.

هەروەها گفتوگۆشیان كردوە كاركردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ رێكخستنی پابەندییەكانی نێوان هەردو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم ئەوەش بەگوێرەی دەستور و ئەوەی لە یاسای بودجەی گشتیدا پەسەندكراوە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكەی نوسینگەی مالیكی، هەردولا جەختیان لە گرنگی هەماهەنگی و هاریكاریی هاوبەشی نێوان لایەنە نیشتمانییەكان كردۆتەوە بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵەنگارییەكانی بەردەم عێراق.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە كۆتایی كۆبونەوەكەدا نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی نوری مالیكی كردوە بۆ سەردانكردنی هەرێمی كوردستان و لای خۆیشییەوە نوری مالیكی پێشوازی لە بانگهێشتەكە كردوە، ئومێدی خواستوە سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان ببێتە مایەی بەهێزكردنی پەیوەندی و لێكتێگەیشتنی نێوان بەغداو هەرێمی كوردستان.

هەروەها سەرۆكایەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی كۆبونەوەكەوە وتویەتی، لە كۆبونەوەكەدا هەردولا بەهێزکردنی هاوبەشيی نیشتمانی و چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدايان بەپێی دەستوری عێراق تاوتوێ کردوەو له‌مباره‌يه‌وه‌ هاوڕا بون لەسەر گرنگيی پابەندبون بە دەستور بۆ دەستەبەرکردنی مافی هەمو پێکهاتەکانی عێراق.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×