گۆڕان: پۆستی قایمقام بەركەوتەی ئێمەیەو لە حكومەت نەكشاوینەتەوە
  2025-01-13       512       

دوای ئەوەی شەهاب ئەحمەد قایمقامی كەلار لە پشكی بزوتنەوەی گۆڕان خانەنشین بو، باژێروانی بزوتنەوەی گۆڕان لە كەلار دەڵێت، ئەو پۆستە ئیستحقاقی ئێمەیەو ئێمە لە حكومەت نەكشاوینەتەوەو كاندیدمان هەیە بۆ پۆستەكە.

ئاوێنە: مەریوان رەحیم، باژێروانی مەکۆی بزوتنەوەی گۆڕان لە كەلار، ئەمڕۆ دوشەممە، بە رادیۆی "دەنگ"ی راگەیاند: پۆستی قایمقامیەتی کەلار بەرکەوتەی بزوتنەوەی گۆڕانە بەئێستاشەوە.

 وتیشی: لە پێش سەری ساڵەوە نوسراومان کردوە بۆ ئیدارەی گەرمیان و وەکالەتمان ناردوە کە ئەو پۆستە پۆستی بزوتنەوەی گۆڕانە و سورین لەسەر داواکارییەکەی خۆمان.

ئەوەشی خستەڕو، تاوەکو ئێستا هیچ دانیشتنێکمان نەکردوە لەگەڵ یەکێتی بۆ ئەو مەبەستە، چونکە پۆستەکە ئیستحقاقی خۆمانە و تەسلیم بە یەکێتیمان نەکردوەتەوە و نەکشاوینەتەوە لە حکومەت.

 بەپێی وتەی ئەو بەرپرسەی گۆڕان لە حاڵەتێکدا یەکێتی کەسێکی بەرەسمی دانا ئەوان قبوڵی ناکەن، چونکە وەک خۆی وتی: "پۆستی ئێمەیە و کاندیدمان بۆی دیاریکردوە، ئەمەش حکومەتە، کەس ناتوانێت کەس دەربکات و بەدڵی خۆی کەس دابنێت".

 

لەبەرامبەردا عەلی دەروێش، وتەبێژی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: تاوەکو ئێستا قسە نەکراوە لەسەر ئەو رێککەوتنەی پێشتر لە نێوان یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕاندا کراوە، ئێمە هیچ نییەتێکی بردنەوەی پۆستەکەمان نییە.

وتیشی: ئەم بابەتانە پەیوەندی بە پێکهێنانی حکومەتەوە هەیە، لە دوای پێکهێنانی حکومەت رەنگە ئەم پرسانە قسەی تریان لەسەر بکرێت لەگەڵ گۆڕاندا، بارودۆخی گۆڕانیش رەنگە گونجاو نەبێت بۆ هەندێک گۆڕانکاری.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە بزوتنەوەی گۆڕان بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كشانەوەی خۆی لە حكومەتی هەرێم و حكومەتە خۆجێیەكان راگەیاند بەڵام تاوەكو ئێستاش بەرپرسەكانی لە پۆستەكانیاندا ماونەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×