سەرۆک وەزیرانی سوید: ئێران باندەکانی تاوانکاریی بەکاردەهێنێت بۆ ئەنجامدانی توندوتیژیی لەوڵاتەکەماندا
  2025-01-13       404       

ئۆلف کریستێرسۆن، سەرۆک وەزیرانی سوید رایگەیاند "ئێران سوود لەباندە توندوتیژەکانی تاوانکاریی ڕێکخراو لەسوید وەردەگرێت بۆ ئەنجامدانی هێرش‌و توندوتیژیی‌و خراپەکاریی لەوڵاتەکەماندا".

 

ئاوێنە: ئۆلف کریستێرسۆن سەرۆک وەزیرانی سوید، لەیەکەم ڕۆژی کۆنفرانسی ساڵانەی "کۆمەڵگە‌و بەرگری" لەشاری سالێن لەباکوری سوید، کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەئەنجامدانی "شەڕی بەوەکالەت" تۆمەتبار کرد، کە سوود لەباندەکانی تاوانکاری ڕێکخراو وەردەگرێت بۆ ئەمجامدانی هێرش‌و توندوتیژیی، ئەو وتی "ستۆکهۆڵم دەبێت ئامادە بێت بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو کردەوانە".

سەرۆک وەزیرانی سوید وتی "سوید لەشەڕدا نییە، بەڵام ئاشتیش لەئارادا نییە، ئاشتی ڕاستەقینە پێویستی بەئازادی‌و نەبوونی ململانێی جددی لەنێوان وڵاتان هەیە، بەڵام ئێمەو دراوسێکانمان ڕووبەڕووی هێرش دەبینەوە، نەک بەڕۆبۆت‌و سەرباز، بەڵکو بەپارە، بەبڵاوکردنەوەی زانیاری درۆو مەترسی تێکدان".

ئەمە لەکاتێکدایە کە لەماوەی چەند مانگی رابردوودا، چەند جارێک هەوڵی هێرشکردنە سەر باڵوێزخانەی ئیسرائیل لەسوید دراوەو تەقەی لێکراوە، دەزگای هەواڵگری سوید پێشتر ڕایگەیاند کە بەڵگەنامەکان دەریدەخەن حکومەتی ئێران پەنای بردۆتە بەر کەڵک وەرگرتن لەباندە تاوانکارییەکانی سوید بۆ ئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژی دژی ئیسرائیل‌و وڵاتانی دیکە لەسەر خاکی وڵاتەکەیان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×