بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى حوسییەکانی یەمەن ئاشكرایانكردوه، بۆردوماى پێگەیەکی گرنگی ئیسرائیلیان لەیافا کردوە، وتهبێژى حوسیهكانیش دهڵێت:"موشهكى بالیستیكى هایپهرسۆنیكمان بهكارهێناوه"، سوپاى ئیسرائیل ڕونكردنهوه دهداتو ڕایدهگهیهنێت، "11 كهس برینداربونه".
ئاوێنە: یەحیا سەریع وتەبێژی حوسییەکانی یەمەن ئاشكرایكردوه، "بەموشەکی بالیستیی هایپەرسۆنیک، پێگەیەکی گرنگی ئیسرائیلمان لەیافا بۆردومانکردوه".
حوسیهكان ئاماژه بهوهدهكات، "لەچوارچێوەى وەڵامى دەستدرێژییەکانى ئیسرائیل بۆسەر وڵاتەکەمان، وەزارەتى بەرگریى ئیسرائیلمان لەناوچەى یافا بەموشەکى بالیستى هایپەرسۆنیک لەجۆرى فەڵەستین2 بەئامانجگرت".
ئاماژە بەوەشکراوە، موشەکەکە گەیشتوە بەئامانجەکەىو سیستمى بەرگریی ئیسرائیلیش سەرکەوتوو نەبوە لەوەڵامدانەوەى.
ئهمهش لهكاتێكدایه، لەتشرینی دوەمی 2023وە حوسییەکانی یەمەن، وەک پشتیوانییەک لەغەززەو فەڵەستین، هێرشدەکەنەسەر کەشتییە بازرگانییەکان یان ئەوکەشتیانەی لەدەریای سوردا بۆ ئیسرائیل دەڕۆن، لەبەرامبەردا، ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی هێزێکی سەربازییان پێکهێنا بۆ چۆنێتی بەرپەرچدانەوەی هێرشی حوسییەکانو بەفڕۆکە چەندان هێرشیانکردوەتەسەر ناوچە جیاجیاکانی یەمەن، جگەلەوەش سوپای ئەمریکا سەربەخۆ هێرشدەکاتەسەر حوسییەکان.
سوپای ئیسرائیل لهبارهى بۆردومانى ئهمڕۆى حوسیهكانهوه ڕونكردنهوهیداوهو ئاشكرایكردوه، بهئهگهرێكى زۆرهوه موشەکی حوسییەکان هەر لەئاسمانەوە تەقێنراوەتەوە، چونكه هیچكام لەبریندارەکان بەهۆی پارچەی موشەکەوە بریندارنەبونە، بەڵکو لەئەنجامی پاڵەپەستۆ بۆ خۆ گەیاندنە پەناگەکان، 11 کەس برینداربون کە دۆخی تەندروستیی ژمارەیەکیان ناجێگیرە".