ئه‌مریكا له‌باره‌ى شه‌ڕى قورسى به‌نداوى تشرینه‌وه‌ هه‌ڵوێستى خۆى ڕاگه‌یاند
  2025-01-14       351       

وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مریكا (پنتاگۆن) هه‌ڵوێستى خۆى له‌باره‌ى شه‌ڕى قورسى به‌نداوى تشرینه‌وه‌ ڕاگه‌یاندو وته‌بێژى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش ده‌ڵێت:"شەڕێکى سەخت لەباکورى سوریا (بەنداوى تشرین) هەیە لەنێوان هێزەکانی سوریاى دیموکرات‌و تورکیا یان ئەو هێزانەی سەر بەتورکیان، دەمانەوێت کۆتایی پێبێت‌و ئاگربەست ڕابگەیەنرێت".

ئاوێنە: پات ڕایدەر وتەبێژى وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا (پنتاگۆن)‌و لەکۆنگرەیەکى ڕۆنامەوانیدا ڕایگه‌یاند، "ئێمە دەمانەوێت گرژیى‌و ئاڵۆزیەکان بەرەو کەمبونەوە بچن، چونکە نامانەوێت سەرهەڵدانەوەی داعش یان ئەو هەلومەرجە ببینین کە ڕەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش لەسوریا".

وتیشى:"ئێستا شەڕێکى سەخت لەباکورى سوریا (بەنداوى تشرین) هەیە لەنێوان هێزەکانی سوریاى دیموکرات‌و تورکیا یان ئەو هێزانەی سەر بەتورکیان، دەمانەوێت کۆتایی پێبێت‌و ئاگربەست ڕابگەیەنرێت".

ڕایده‌ر ده‌شڵێت:"ئەرکی ئێمه‌ وەک هێزەکانی ئەمریکا لەسوریا شکستپێهێنانی داعشە، من ئاگاداری ئەوەنیم هیچ گۆڕانکارییەک لەو ئەرکە ڕویدابێت".

بەنداوی تشرین دەکەوێتە ناوچەی مەنبەج لەپارێزگای حەلەب لەسوریا لەسەر ڕوباری فورات‌و ئامانجی بەرهەمهێنانی کارەبایە، ١١٥ کیلۆمه‌تر لەحەلەبەوە دورەو 80 کیلۆمه‌تر لەسنوری تورکیاوە دورە، تێچوی پڕۆژەکەش 22 ملیار دۆلار بوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×