ڤیان دەخیل: تەیف سامی هاوشێوەی سەدام، مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێم دەكات
  2025-01-14       485       

وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی مووچەوە ئاماژە بەوە دەکات کە بەهیچ شێوەیەک "قبوڵکراو" نییە، "تەیف سامی هاوشێوەی سەدام، مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێم دەكات".

ئاوێنە: ڤیان دەخیل، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی كەناڵی دیجلەدا دەڵێت "بۆچی تەنیا فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كێشەی مووچەیان هەیە و فەرمانبەرانی پارێزگاكانی تری عێراق ئەو كێشەیەیان نییە، وەزارەتی دارایی عێراق شكستی هێناوە، هەمو رۆژێك كێشەیەك بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دروست دەكات".

راشیگەیاند "رۆژێك دەڵێت؛ داتاكانتان كۆمپیوتەرەكانی ئێمە نایخوێنێتەوە، لە ئاخیردا دەڵێن؛ قەیرانی داراییمان هەیە و نەختینەمان لەبەردەستدا نییە، ناتوانین پارەی مووچەخۆرانی هەرێم بدەین بۆچی تەنیا بۆ مووچەی هەرێم قەیرانیان هەیە، بەڵام بۆ پارێزگاكانی تر قەیارنیان نییە، ئێمە هەرێمین ئێمە پارێزگا نین لە یاسای بودجەدا بودجەمان هەیە و پێویستە خەرجی بكەن، هەرێمی كوردستان هەموو مانگێك كێشەی مووچەی بۆ دروستدەكرێت، هەموو مانگێك وەفد دەنێرێت بۆ بەغدا بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە".

دەخیل ئاماژە بەوەش دەکات، راست نییە كە دەڵێن؛ هەموو مانگێك ٩٠٠ ملیار دیناریان بۆ هەرێم ناردووە، "بەپێی ئەو خشتانەی لەبەردەستی مندایە مانگی یەك ٦٠٠ ملیار دیناریان ناردووە، مانگی پێنج ٥٠٠ ملیار دیناریان ناردووە، مانگی حەوت ٨٠٠ ملیار دیناریان ناردووە، مانگی ١٠ تەنیا ٧٠٠ ملیار دیناریان ناردووە، مانگی یانزە ٦٠٠ ملیار دیناریان ناردووە".

وتەبێژەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی بەغدا ئاشکراشیکرد "ئێمە لەسەردەمی رژێمی سەدام حسێندا دوو گەمارۆمان لەسەر بوو، گەمارۆی نێودەوڵەتی لەسەر عێراق، گەمارۆی سەردام لەسەر هەرێمی كوردستان، منداڵەكانمان بەبێ خواردن دەچوون بۆ قوتابخانە لە كوردستان، ئێستا وەزیری دارایی عێراق "تەیف سامی" بە هەمان سیاسەتی سەدام مامەڵە دەكات، كاتێك فەرمانبەران بێ بەش دەكات لە مووچەكەیان واتای ئەوە منداڵەكانی بەبێ خواردن دەچنە قوتابخانە، واتا رژێمیێكی نوێ ئیستغلالی قوتی خەڵكی دەكات بۆ مەرامی سیاسی".

ڤیان دەخیل وتیشی "ئەمە بەهیچ شێوەیەك قبوڵكراو نییە، ئێمە شەریكین لە عێراق ئێرە وڵاتی ئێمەیە وڵاتی كەسێكی دیاریكراو نییە".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×