روانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، فرۆکەیەکى بارهەڵگری ئەمریکى لە حەسەکە نیشتووەتەوە و چەك و تەقەمەنی وپێداویستییە لۆجیستییەکانی تێدا بووە، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە ئەمریکا بەهیچ شێوەیەک خواستى کشانەوەى نییە لەو وڵاتە.
ئاوێنە: رۆژنامەی (ئەلعەرەب) بڵاویکردووەتەوە، سەرچاوەیەک لە روانگەى سوریی بۆ مافەکانى مرۆڤ وتویەتی "فرۆکەیەکى بارهەڵگری ئەمریکى لە سەربازگەی خەراب جیری گوندەواری رومێلانى سەر بە پارێزگاى حەسەکە نیشتووەتەوە و چەک و تەقەمەنى و پێداویستییە لۆجستییەکانى تێدابووە و لە ئاسمانیشەوە بەفرۆکەى دیکە چاودێریی پرۆسەکەیان کردووە".
بەوتەی سەرچاوەکە، پێشتریش فرۆکەى بارهەڵگر هەمان سەربازگەیان بەکارهێناوە و هاوکارییەکانیان گەیاندووەتە رۆژئاوا، "ئەوەش دەرخەری ئەوەیە ئەمریکا بەهیچ شێوەیەک خواستى کشانەوەى نییە لەو وڵاتە".
لای خۆشیەوە لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا چەند رۆژێک پێش لە ئێستا ئاماژەى بەوەکردووە، هەستیان بە جموجوڵى داعش کردووە لە ناوچەکەدا و پێیان وایە بەدواى هەلێکدا دەگەڕێن بیقۆزنەوە.
هاوکات پاتریک رایدەر، سکرتێری رۆژنامەوانىی پەنتاگۆنیش پێشتر رایگەیاندبوو وڵاتەکەى ژمارەى سەربازەکانى بەرزکردووەتەوە بۆ دوو هەزار سەرباز.