جەنگیز چەندار دەڵێت "کاتێک ئۆجەلان پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد، ئەحمەد تورک کە کەسایەتێکی بەڕێزە لەکۆمەڵگەی کوردیدا، ئەندامی شاندی ئیمرالی بێت، دەوڵەتی تورکیا پرسو راوێژی بەمەسعود بارزانی کردو ڕەزامەندی ئەوی وەرگرت".
ئاوێنە: جەنگیز چاندار، نوسەرو رۆژنامەنوسی ناوداری تورکیاو پەرلەمانتاری دەم پارتی، لەبەرنامەی "مێدیاسکۆپ"ی تورکیدا دەربارەی پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا قسەی کردو وتی "با وەک زانیاری پێتان بڵێم، ئەحمەد تورک ڕەخنەی لەپارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقو مەسعود بارزانی گرتبوو، کاتێک ئۆجەلان پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد، کە ئەحمەد تورک لەبەرئەوەی کلەسایەتییەکی ڕێزدارە لەکۆمەڵگەی کوردیدا، لەناو شاندی ئیمرالی بێت، دەوڵەتەکەمان مەسعود بارزانی ئاگادار کردەوەو پرسی پێکردو وتی: ئەحمەد تورک رەخنەی لەتۆ گرتووە، تۆ دەڵێی چی بخرێتە ناو شاندەکەوە؟ بارزانی رەزامەندی نواندوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لەم پرۆسەیەدا چالاکی جۆراوجۆرو نادیار هەیە".
ئەحمەد تورک، ساڵی 2022، رەخنەی توندی ئاڕاستەی بارزانیو پارتی کردو بەهاوکارییکردنی دەوڵەتی تورکیا لەدژی کوردو بە"خیانەت" کردن لەگەلی کوردستان تۆمەتباری کردن.