رێباز حەملان، بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق كۆبۆتەوەو داوای لێكردوە هاوکار و هەماهەنگ بێت لەبارەی بودجە و موچەو هەناردەكردنەوەی نەوت و هاوتاکردنی موچەی خانەنشینانی هەرێم.
ئاوێنە: رێباز حەملان، بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە بەغدا سەردانی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراقم کرد.
وتوشیەتی، لە كۆبونەوەیەكدا "زۆر بەوردی باسی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدام بۆ جەنابی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری کرد."
رێباز حەملان ئاماژەی بەوەشداوە "لەسەر بودجەو موچە و هەناردەکردنەوەی نەوت و داوام لە جەنابیان کرد هاوکار و هەماهەنگ بێت بەپێی دەستورو بەپێی یاسای موازەنە و تەخسیساتی هەرێم و بەپێی بریارەکانی دادگای فیدراڵی لەسەر موچەو هاوتاکردنی خانەنشینی و تۆمارکردنی فەرمانبەران و موچەخۆران لەو بانکانەی لە هەرێمی کوردستانن و مۆڵەتی بانکی ناوەندی عێراقیان هەیە."
ئەوەشی وتوە"داوامکرد بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەسەر ئەم پرسانە وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن و مافی موچەخۆرانی هەرێم تێکەڵ بە بابەتی تر نەکرێت."