لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دوەمی بۆ هەمواری یاسای بودجە تەواوكرد، هەموارەكە تایبەتە بە تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم.
ئاوێنە: فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا، راپۆرت و خوێندنەوەی دوەم بۆ پڕۆژە یاسای هەمواری یەكەمی یاسای بودجەی گشتی تەواوكرا.
هاوكات د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا وتی، لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا، خوێندنەوەی دوەم کرا بۆ هەمواری یاسای بودجە مادەی 12 بڕگەی دوەم/ج، کە تایبەتە بە تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم.
پەرلەمانی عێراق كەمێك لەمەوبەر دانیشتنەكەی خۆی هەڵگرت.
هەر لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا، پەرلەمانی عێراق دەنگی دا لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ ماوەی دو ساڵی دیكە.
هەروەها پەرلەمان، پاش ئەوەی بڕگەی دەنگدانی لەسەر پێشنیارە یاسای هەمواری یەكەمی یاسای پاسپۆرت بۆ دانیشتنەكەی ئەمڕۆی زیادكرد، بەزۆرینەی دەنگ، پێشنیاری هەموارەكەی پەسەندكرد.
هەر لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا، پەرلەمانی خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پێشنیارە یاسای هەمواری دوەمی یاسای مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان كرد و ئەنجامدانی خوێندنەوەی یەكەمیشی بۆ پێشنیارە یاسای پاراستنی مافی كەمینەكان دواخست.