وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی ئێمە مانگانە پارەمان بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم ناردوە، بەڵام حكومەتی هەرێم پابەند نەبوە بەوەی كە مانگانە دابەشی بكات. دەشڵێت، دواكەوتنی خەرجكردنی موچە بەهۆی پابەندنەبونی حكومەتی هەرێمە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەرانی.
ئاوێنە: وەزارەتی دارایی عێراق، كەمێك لەمەوبەر راگەیەندراوێكی لەبارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانەوە بڵاوكردەوەو تێیدا جەخت دەكاتەوە كە وەزارەتەكەیان موچەی تەواوەتی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەپێی خشتەی "هـ"ی بودجەی گشتی، خەرج كردوە.
ئاماژەی بەوەشداوە كە وەزارەتەكەیان پابەندبوە بە ناردنی پارە بۆ حكومەتی هەرێم بۆ موچەی سەرجەم چینوتوێژەكانی لە خانەنشینان، چاودێری كۆمەڵایەتی و فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی، ئەوەش وێڕای ئەوەی كە حكومەتی هەرێم پابەند نەبوە بە ناردنی داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا كە بەگوێرەی میزانەكانی موڕاجەعە خۆی دەدات لە 350 ملیار دینار، ئەوەش پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵییە كە حكومەتی هەرێمی پابەند كردوە بە رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان.
وەزارەتی دارایی عێراق وتوشیەتی، حكومەتی هەرێم پابەند نەبوە بە دابەشكردنی موچە بەشێوەی مانگانە لە وادەی خۆیدا، وێڕای ئەوەی وەزارەتەكەمان هاوشێوەی فەرمانبەرانی حكومەتی فیدراڵی، پارەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانیشی مانگانە خەرجكردوە.
جەختیشی كردۆتەوە كە ئەوان بەرپرسیارێتی دابەش نەكردنی موچە لە هەرێم لەوادەی خۆیدا ناگرنە ئەستۆ و دواكەوتنیشی لە ئەنجامی پابەندنەبونی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە بۆ تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.