بۆنی مەرگ لە دەشتی سووتێنەردا!
  2024-10-01       398       

ھێمن مەحموود

 

خوان ڕۆڵفۆ ھەر کە دەست بە نووسین دەکات بە بۆن و بەرامەی مەرگ دەستپێدەکات، نووسینەکانی ئەم نووسەرە مەکسیکییە کە بە باوکی واقیعیەتی سیحری دادەنرێت لە ئەدەبدا و گابریێل گارسیا مارکیز شانازی بەوەوە دەکات کە ئیلھامی لە ڕۆمانی پیدرۆ پارامۆوە وەرگرتووە بۆ ئەوەی سەد ساڵ تەنیایی بنووسێت، مەرگ پانتاییەکی گەورەی لە کارەکانیدا داگیرکردووە، تەنانەت لە ڕۆمانی (پیدرۆ پارامۆدا) مرۆڤ کاتێک دەست بە خوێندنەوەی بێئاگا لەوەی لە دونیای مردوواندا ژیان دەکات عاشقی دیالۆگ و کارەکتەرەکانی دەبێت.

 

ھاوشێوەی مەرگ لە کارەکانیدا، برسێتی، شەڕی ناوخۆ، یاخیبوون، شۆڕش، عەشق، وشکەساڵی و بێ بارانی، خۆرەتاوی گەرم و سووتێنەر، چەقۆ و کەرامەت، دونیایت خەیاڵی ئەم ئەدیبەی داگیرکردووە و ئیدی وەک ئەوەی لەم سەر زەمینەدا نەژیت، لەسەر زەمینێکی دیکە ژیان بکەیت دونیای ڕۆڵفۆ لەگەڵ خۆیدا دەتبات.

زەمەن لە کارەکانی ڕۆڵفۆدا دەتوانرێت ھەستی پێبکرێت، دەستی لێ بدرێت، چێژی لێ ببینرێت، ئازارەکانی بچێژیت، خۆشییەکانی، ناخۆشییەکانی، ڕۆژ و شەوەکانی ببینیت کە دێت و کە تێدەپەڕێت، زەمەن ئامادەییەکی قووڵی بۆ سەر تەواوی ڕووداوەکانی ناو چیرۆکەکان و ڕۆمانەکانی ھەیە.

مردن و ژیان دووانەیەکی لێک دانەبڕاون، بەڵام دەتوانین بڵێین زیاتر مەرگ فەزای کارەکانی گرتووە، ململانێ ئەبەدییەکەی ئەو دووانەش ھەرگیز تەواو نابن، بەپێچەوانەی نووسەرەکەیانەوە، پاڵەوانی کارەکانی ڕۆڵفۆ ئارەزوویەکی زیاتریان بۆ ژیان ھەیە تاوەکوو مردن، ئەو کاتانەی ئیدی مەرگ و کوشتن خەریکە نزیک دەبێتەوە، ئارەزووی ژیانکردن زۆر زیاتر دەبێت، تەنانەت پاڵەوانی ھەیە تامەزرۆیە بۆ مشتێک ژیانی زیاتر بەر لەوەی بکوژرێت، بەڵام ڕۆڵفۆ وەک ئەوەی تەنیا چێژ لە مردنی پاڵەوانەکانی ببینێت زۆر جار بەبێ ھیچ ھۆکارێک دەیاندا بە کوشت، وەک ئەوەی وانەی لە ژیانەوە وەرگرتبێت ھێندە دەزانی کتوپڕ کەسێک دەکوژرێت، کەسێک دەنێژرێت، کەسێک کێردێک، چەقۆیەک دەکرێت بە ناو سکیدا.

جارێکیان لە ڕۆڵفۆیان پرسی بۆچی بەرھەمەکانت ئەوەندە کەمن؟ وتی چونکە مامە سیرنیۆ مرد، ئەو کاتێک پێکەوە پیاسەمان دەکرد چیرۆکی بۆ دەگێڕامەوە، ئەو درۆزنێکی گەورە بوو!.

گابریێل گارسیا مارکیز دەڵێت: کاتێک پیدرۆ پارامۆم دەستکەوت، ئەو شەوە تاوەکوو دوو جار نەمخوێندەوە نەخەوتم، تەنانەت تاوەکوو شەش مانگ دوای ئەوە نەمتوانی ھیچی تر بخوێنمەوە، دەشڵێت لە ڕەحمی کوامالا، ئەو گوندەی پڕی بوو لە کەسانی دەرەبەگ، گوندی ماکۆندۆی سەد ساڵ تەنیایی لەدایکبوو.

کارەکانی ڕۆڵفۆ ژیانی سادەی خەڵکن، ژیانی کولەمەرگی گوند و پێدەشتەکان، ژیانی بێ بارانی و وشک و قات و قڕی و برسێتی، ژیانی ڕۆژانە بەبێ ڕتووشکردن، بەڵام بە خەیاڵێکی وا نووسراون زۆرجار مرۆڤ لێی تێک دەچێت ئەمجورە ژیانە بە وێنە دروستکراون یاخود حەقیقین، واقیعییەت و سیحرییەت وا تێکەڵبوون جیاکردنەوەیان ئەستەمە، ھەندێک جار وا دەزانیت لە فەزایەکی ڕاستەقینەدایت، ھەندێک جاریش لە خەیاڵدایت.

کاتێک چیرۆکێکی ڕۆڵفۆ دەخوێنیتەوە دۆخێکی سەیر دات دەگرێت، دۆخێک بەتەواوەتی لە دونیای دەرەوە دادەبڕێت و جۆرە ژیانێک دێتە مێشکتەوە جیاوازە لەو ژیانەی کە تێیدا دەژیت، ژیانێک ناتوانیت نە وەسفی بکەیت، نە دەستنیشانی بکەیت، نە چوارچێوەیەکی بۆ بکێشیت، ژیانێک کە ھەر تەنیا ڕۆڵفۆ دەتوانێت نەخش و نیگاری بە خەیاڵ بکێشێت.

🔸(دەشتی سووتێنەر) کۆمەڵە چیرۆکەکەی خوان ڕۆڵفۆن، کە ساڵی ٢٠٠٩ بەڕێز محەممەد کەریم بە زمانێکی کوردی جوان وەریگێڕاون و چێژی زیاتری پێبەخشیوون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×