نوێترین کتێبی نووسەری ڕۆمانی "مێردەکەی ئاسکە خاتون"
  2024-10-27       549       

قادر وریا 

 

ئەمشەو لە خوێندنەوەی کتێبی " بی یاد تو هرگز" (خاطرات افسران حزب تودە، مرداد ١٣٣٢) لە نووسینی عەلی محەمەد ئەفغانی بوومەوە. کتێبەکە ساڵی ١٤٠٣ چاپ بووە و لە ٦٣٩ لاپەڕە پێک هاتووە و دامەزراوەی "انتشارات نگاە" لە تاران چاپی کردووە.

بڵاوکەرەوە بۆ ڕازیکردنی دەزگای سانسۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە یان هەر بۆ خۆشی لە ڕوانین و بیرکردنەوەدا جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ئەم ڕێژیمە نییە، لە دەسپێکدا بە ڕوونکردنەوەیەکی بەڕواڵەت پێویست، هۆگریی نووسەر بە حیزبی تودەی ئێران کە لە نووسینەکەیدا رەنگی داوەتەوە، بە بەستراوەیی ئایدۆلۆژیانە بە " حیزبی فیرقەی دیموکراتی ئازەربایجان" ناودێر کردووە و ئەم فیرقە و ڕێبەرەکەشی بە گوێ لە مستی یەکێەتیی سۆڤێتی ناوبردووە کە ئامانجیان جیاکردنەوەی ئازەربایجان لە ئێران بووە. مەبەستیشی ئەوەیە خوێنەر هەر لەژێر ئەم داوەری و تاوانبارکردنەدا، هەڵسەنگاندن بۆ خەباتی ئەو ئەفسەرە و ڕێکخراوی ئەفسەرانی حیزبی توودە لەگەڵ ڕێژیمی شایەتی و ڕوانگە و بۆچوونی نووسەر لە بارەی ڕێژیمی دیکتاتۆری حەمە ڕەزای پەهلەوی بکات.

ڕاستە خۆشەویستیی حیزبی توودەی دەیەی ٣٠ی هەتاوی و ڕێز و وەفاداریی عەلی محەممەد ئەفغانی بۆ هاوخەباتەکانی لە ڕێکخراوی ئەفسەرانی توودەییدا، بە تایبەتی ئەو ئەفسەرە شۆڕشگێرانەی ڕێژیمی شایەتی گولەبارانی کردن، لە سەرانسەری کتێبەکەدا شەپۆلان دەدات، لەگەڵ ئەمەشدا دەتوانم بڵێم :

یەکەم، ئەم کتێبە نێوەرۆکی ڕێژیمی بەستراوەی شایەتی، ملهوڕیی و دیکتاتۆربوونی حەمەڕەزای پەهلەوی و دژەگەلی و گەندەڵ بوونی سیتەمی فەرماندەری و بەڕێوەبەرێتیی ئەرتەشەکەی، کە سەرجەمیان بەرهەمهێنانی تاک و خەڵکێکی شاپەرست و گوێڕایەڵ و نۆکەریان ویستووە، زۆر باش لەقاو داوە.

دووهەم، بەهۆی بیرەوەرییەکانی نووسەر کە خۆی یەک لە ئەفسەرانی سەر بە حیزبی توودە و ئەندامی ڕێکخراوی نهێنیی ئەفسەرانی توودەیی بووە، خوێنەر شارەزای جۆری موحاکەمە و دادگایی کردنی ئەفسەرە شۆڕشگێرەکان دەبێت و کەسایەتیی ژمارەیەک لەو ئەفسەرانە کە بە ڕاستی مرۆڤی لێهاتوو و نیشتماندۆست و ئەوینداری خەڵکی وڵاتی خۆیان بوون، باشتر دەناسێت. خۆڕاگری و بەرگریی ئەو کۆمەڵە مرۆڤە لە بەندیخانە و لە ژێر ئەشکەنجە و لە بێدادگای سوپاییدا، هەر وەها چوونیان بەرەو مەرگ و دوا دیداریان لە گەڵ بنەماڵەکانیان، زۆر جار مچوڕک بە لەشی خوێنەر و فرمێسک بە چاوی دا دێنێت.

سێهەم، دوای ئەو هەمووە ساڵەش کە بەسەر کودەتای ٢٨ی گەلاوێژدا ڕابردووە و سەرەڕای ئەو هەمووە بیرەوەری و بەڵگەنامە و توێژینەوانەی بڵاو بوونەوە، ئێستا ئیدی گومانێک لەوەدا نییە کە سیاسەت و هەڵوێستی حیزبی توودە لە سەردەمی سەرۆک وەزیریی موسەددیق و بەربەرەکانیی ناوبراو لە گەڵ دەرباری پەهلەویدا، نەک هەر لە ئاستی چاوەڕوانیی خەڵکدا نەبووە، بەڵکوو بووە بە هۆی سەرلێشێواوی و دەستەوەستانی و گیران و تێداچوونی باشترین ئەفسەرانی ئەرتەشی ئێران کە سەربەو حیزبە بوون و لە ڕێکخراوی نهێنیی ئەفسەراندا ڕێکخرابوون. بەڵام جەنابی عەلی محەمەدی ئەفغانی هێشتا ئامادە نییە دان بەم راستییەدا بنێ و شانەی سەرکەوتنی کودەتاکە و بێ بەرنامەیی و دەستەوەستانیی حیزبی توودە هەروا لە سەری موسەددیقدا دەشکێنێت.

سەرەڕای ئەم تێبینییەشم، ئەم کتێبە بایەخی ئەوەی هەیە بخوێندرێتەوە. بەڵام با هەر لێرەشەوە ددان بە ڕاستییەکدا بنێم:

من کە لە کۆتاییەکانی دەیەی حەفتایی هەتاویدا ڕۆمانی "شوهر آهو خانم"م لەو نووسەرە خوێندبۆوە، لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ کات بۆم نەببووە پرسیار ئەو ڕۆماننووسە، چ ڕابردوویەکی هەبووە، لە ژیاندا ماوە یان نا؟ ئەگەر لە ژیاندا ماوە، لە کوێ دەژی؟ ئایا هیچ ڕۆمان و کتێبێکی دیکەی هەیە؟ ئەگەر خوێندنەوەی ئەم کتێبەی نەبا، لەوانە بوو نەزانم کە ئەو نووسەرە کرماشانییەش یەک لەو ئەفسەرە توودەییانە بووە کە هەتا لێواری ئێعدام چووە. دوای نووسینی "شوهر آهو خانم"(مێردەکەی ئاسکەخاتون)، ڕۆمانێکی هەشت سەد لاپەڕەیی لە ژێر ناوی " شادکامان درە قرەسو" (بەختیارانی دۆڵی قەرەسوو) نووسیوە. ناوبراو هەتا ئیستاش لە ژیاندا ماوە و لە وڵاتی ئەمریکا دەژیت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×