ئا: ئاوێنە
هەرچەندە بە بڕیاری وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم بۆ پشتیوانی لە بەرهەمی ناوخۆ، هاوردەكردنی مریشكی زیندو قەدەغەكراوە، بەڵام بەپێی قسەی عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لە دەروازەی باشماخ و دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە مریشكی بەستو بەقاچاخ و بەبێ دانی گومرگ داخڵ دەكرێت. دەشڵێت: بەڵام "مریشکی ئیبراھیم خەلیل بۆی نییە بچێتە ناوچەی سەوزو مریشکی باشماخ بۆی نییە بێتە ناوچەی زەرد."
عەلی حەمەساڵح، ئەمڕۆ دوشەممە، لە بەدواداچونێكدا رایگەیاندوە،وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیار دەدات، بۆ پشتیوانیکردنی بەرھەمی ناوخۆ نابێت مریشکی بەستو لە دەرەوە داخڵ بکرێت!" بەڵام "حیزبەکەی وەزیری کشتوکاڵ و جێگری سەرۆکی حکومەت، لە باشماخەوە مریشکی بەستو بە بێ گومرگ و پشکنین دەھێننە کوردستان."
بەقسەی عەلی حەمەساڵح لە دەروازی باشماخەوە ئەو مریشكانە بە "خەتی ئاسایش"دا داخڵ دەكرێن و بۆ هەر بارھەڵگرێک "پێنج ھەزار دۆلار وەردەگرن بۆ خۆیان."
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشداوە كە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلیش كە لەژێر دەسەڵاتی سەرۆکی حکومەت و حیزبەکەیدایە، "کار بە نوسراوی وەزارەتی کشتوکاڵ ناکرێت و بە لێخۆشبونی گومرگی یان ھەر ڕێوشوێنێکی دیکەی گومرگ، چەند مریشکی بەستویان بوێت دەیھێننە ھەرێمی کوردستان."
ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندوە، سەیرتر لەوە ئەوەیە كە "ئەگەر مریشکی بەستو لە ئیبراھیم خەلیلەوە بھێنرێت لە بازگەی یەکێتی ڕێگا نادرێت بچێتە سنوری یەکێتی و لە باشماخەوە بێت بازگەی پارتی ڕێگا نادات بھێنرێتە سنوری پارتی. واتە: مریشکی ئیبراھیم خەلیل بۆی نییە بچێتە سنوری سەوز، مریشکی باشماخ بۆی نیە بێتە سنوری زەرد."
بەقسەی عەلی حەمەساڵح چەند رۆژێك لەمەوبەر هاوڵاتییەك بارێك مریشكی بەستوری لە ئیبراھیم خەلیلەوە ھێناوەو ویستویەتی بیباتە سلێمانی بەڕێگای سماقوڵی، لە بازگەی "پارتی" تێپەڕیوەو بازگەی "یەکێتی" رێگەی تێپەڕبونیان نەداوەو گەڕاندویانەتەوەو لەكاتی گەڕانەوەیدا بۆ هەولێر، ئینجا بازگەی "پارتی" رێگەی داخڵبونیان نەداوەو پێیانوتوە: "بڕۆ لەبازگەی دێگەڵە سۆنەر بکە، خاوەن بار دەیوت: ئەگەر یەکێتی نەهێڵێ داخڵ بم، چۆن بچمە دێگەڵە."
ئەو پەرلەمانتارە وتوشیەتی"ئەمە بۆ مریشکی بەستو وابێت، دەبێت حاڵی زەوی و پرۆژە گەورەکانی دیکە چی بێت. دەبێت سەرۆک و جێگر خۆیان چی بەناوی ئەم حکومەتە بڵێن."