قەرەیلان: ئێستا زەمینەی بەستنی كۆنگرەی پەكەكە بونی نییە
  2025-03-20       555       

موراد قەرەیلان، ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەكەكە، بڕیاری چەكدادانان و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە پێویستی بە ئازادیی ئۆجەلانەو پێویستی بەوەیە كە توركیا لەناوخۆدا مافی ناسنامەی گەلی كورد بناسێت. دەشڵێت، ئێستا زەمینەی بەستنی كۆنگرەی پەكەكە بونی نییەو لێدوانەكانی دەوڵەتی توركیاش قسەی تێكدانن نەك چارەسەر.

ئاوێنە: موراد قەرەیلان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵ8 لەبارەی بانگەوازەكەی ئۆجەلان و پڕۆسەی ئاشتی لە توركیاو چەكدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە، وتی، رێبەر ئاپۆ دەڵێت، پەکەکە رۆڵی خۆی بەجێهێنا. پرسی ناسنامەی گەلی کوردی چارەسەر کرد. پرسی کوردی خستە سەر مێزی دانوستان. رێگەی لە لەناوبردن و تواندنەوە گرت. لەم روەوە پێویست بو پەکەکە بگۆڕدرێت.

وتیشی"ئێستا ڕێبەر ئاپۆ هیچ مەرجێکی نییە، بەڵام ئەم بابەتە باتێکی دولایەنەیە. واتە پەیوەندی بە دولاوە هەیە. ئەگەر لایەنێک شتێک بکات، پێویستە لایەنەکەی دیکەش شتێک بکات. دیارە لەمڕوەوە بەرپرسانی دەوڵەت لەگەڵ رێبەر ئاپۆ قسەیان کردوە و بەمشێوەیە رێبازێکی نوێ پەسەندکراوە."

ئاماژەی بەوەشدا"واتە پێویستە ئێمە هەنگاوێک بنێین و لەبەرامبەردا ئەوانیش هەنگاوێک بنێن. دەبێت پرۆسەکە بەم شێوەیە بەڕێوەبچێت. واتە ئەمە بابەتێک نییە کە بە یەکلایەنە چارەسەر ببێت و بچێتە سەر."

ئەوەشی خستەڕو"ئێستاش کە دەبینین دەوڵەت باخچەلی سەربەخۆ نییە، دیارە کە لایەنێکی دەوڵەتی لەسەر ئەم پرسە بیری کردوەتەوە و مەترسی لەسەر تورکیا دەبینن و بۆ ئەوەی ئەم مەترسییە لەسەر تورکیا نەهێڵن پێشتریش وتم 10 ساڵ لە دژی ئێمە شەڕیان کرد. بەڵام ئێستا دەیانەوێت بە ڕێبازی ئاشتی لەگەڵ کورد رێکەوتنێک بکەن. ئێمە بەمشێوەیە لێی تێگەیشتین. لە بانگەوازەکەدا ئەمە دەبینرێت. لە بانگەوازەکەی باخچەلیدا. باخچەلی وتی، با بانگەوازی هەڵوەشاندنەوە و چەکدانان بکات و ئێمەش (مافی هیوا) دەناسین و لە چوارچێوەی ( مافی هیوا) ئازادی دەکەین. بەمشێوەیە بو."

 بەبڕوای قەرەیلان "ئێستاش رێبەر ئاپۆ بانگەوازی کرد و ئێمەش وەک پەکەکە بانگەوازەکەمان قبوڵ کرد و لەبەرامبەریدا ئاگربەستمان راگەیاند. لە یەکی ئازارەوە تاوەکو ئێستا، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی دەوڵەتدایە. دەوڵەت پێویستە ئەو ئەرکەی کە دەکەوێتە سەرشانی بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەرەوەپێشەوە بچێت، ئەنجامی بدات."

قەرەیلان پێی وانییە ئەوانەی ئەو باسیان دەكات مەرج بن و وتی"هەندێک دەڵێن ئەمانە مەرجن، بەڵام ئەمانە مەرج نین. ئەمە پێویستییە. ئێمە پێشتریش وتومانە و بەڕێوەبەرانی ئێمەش لە راگەیەندنەکاندا هەمو کاتێک دوبارەی دەکەنەوە کە ئێمە ئەم پرۆسەیەمان پەسەند کردوە. واتە ئێمە بانگەوازە مێژوییەکەی رێبەر ئاپۆ پەسەند دەکەین. ئێمە بەو پێیە دەجوڵێینەوە. بەڵام بە تەنیا رێبەر ئاپۆ دەتوانێت قۆناغەکە بەرەوپێشەوە ببات. ئەمە بزوتنەوەیەکی بچوک نییە کە کادرەکانی بە موچەوە هاتبێتن شەڕ بکەن، ئەمانە هەمویان هەڤاڵی باوەڕدارن، ئایدۆلۆجین، فیداکارن، بە باوەڕییەوە هاتون. بۆیەش رازیکردن پێویستە. تەنیا رێبەر ئاپۆش دەتوانێت ئەمانە رازی بکات."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە"رێبەر ئاپۆ لە زیندانەوەو چەند مانگ جارێک پەیامێک بنێرێت یان نامەیەک بنێرێت بەمشێوەیە نابێت. پێویستە هەمو لایەک رازی بکات. ئێمە ناتوانین ئەمە بکەین. پێشتریش لە دیمانەیەکدا رامگەیاند کە ئەمە کاری ئێمە نییەو ناشیكەین. رێبەرمان دەتوانێت ئەم پرۆسەیە بەڕێوەببات. ئەو دەتوانێت ئەم کارە بکات. نەمانوتوە بێتە قەندیل و بادینان، بەڵام دەبێت ئازاد بێت و شاندەکان بتوانن بچن بۆ لای و بێنەوە و ئەو بتوانێت شاندى خۆی بنێرێت. دەبێت لە رۆژێکدا چەند جار لە رێگەی تەکنیکەوە بەشداری لە کاری رازیبون و کۆبونەوە و خەباتدا بکات. واتە بەشێوەیەکی چالاک دەبێت بەشداری بکات. ئەمە نەبێت، ئەم قۆناغە بەمشێوەیە بەڕێوەناچێت. ئێستا هەندێک کەس دەڵێن با بەمشێوەیە بێت و پەیام بنێرێت. من دەزانم بەو شێوەیە بەڕێوەناچێت."

وتیشی"ئەمە داواکاری ئێمەیە و ئێمە دەڵێین پرۆسەکە بەمشێوەیە دەبێت. ئێستا پرۆسەکە لەو شوێنە وەستاوە. ئێمە بیستومانە، دەڵێن دۆخی رێبەر ئاپۆ هەندێک باش دەکەن. بەگوێرەی بۆچونی ئێمە ئەمە بەس نییە. واتە دەبێت ئازاد بێت و لەگەڵ شاندەکان کۆبێتەوە، لەوانەیە شاندێکی گەریلا بچێتە لای و بگەڕێتەوە. ئەگەر چارەسەرییان دەوێت، پێویستە دەرفەتی بەمشێوەیە فەراهەم بکرێن."

بەبۆچونی ئەندامەكەی كۆمیتەی بەڕێوەپەریی پەكەكە "بۆ هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانیش کۆنگرەی پەکەکە پێوستە. واتە کۆنگرە پێویستە لەسەر ئەم پرسە کۆبێتەوە، ئێمە کاتی کۆنگرەمان دیاری نەکردوە، بیستومانە کە لایەنی دەوڵەت، دەوڵەتی تورکیا دەڵێن، پێویستە کاتی کۆنگرەکە دیاریبکەن و ئەنجامبدەن، پێش هەمو شتێک دیاریکردنی کات و بانگەوازی کۆنگرە وەک پێشتر وتم، دەبێت رێبەر ئاپۆ یەکلایی بکاتەوە، لەوانەیە ئێمە کات و شوێن دیاریبکەین، بەڵام لەم بابەتەدا پێویستی بە رێنمایی رێبەر ئاپۆ هەیە و بۆ یەکلاییکردنەوەی کۆنگرەکەش دەتوانین بڵێین، دەبێت بەمشێوەیە بێت. بۆ ئەوەی کۆنگرەیەکی پێنج سەد کەسی یان شەسەد کەسی کۆبێتەوە، پێویستی بە زەمینەیەک و بارودۆخێک هەیە. دەبێت بارودۆخ و زەمینەی لەبار هەبێت. ئێستا زەمینەکە نییە و زو بانگەوازی دەکەن و دەڵێن، زو بریار بدەن و کات بە فیڕۆ نەدەن. پرۆسەکە هەڵنەوەشێننەوە. نابێت سود لە کات وەربگرن. نازانم چی دەڵێن، مرۆڤ سەری سوڕدەمێنێت. "

جەختیشی كردۆتەوە "ئەگەر بریاری کۆنگرە نەبێت، هەندێک کەس دەتوانن بڵێن، ئێمە پابەند نابین. هەربۆیەش پێویستە کۆنگرە کۆبێتەوە و دەبێت هێرشەکانیش راگرن."

هەروەها وتیشی"لەمڕوەوە ئێمە ئاگربەستمان راگەیاند. دەوڵەتیش دەڵێت، ئەمە چییە، ئاگربەست کاری دەوڵەتەکانە و پەکەکە خۆی لە جێگەی دەوڵەت داناوە. دەڵێن، خۆ شەڕێک نییە کە ئێمە ئاگربەست راگەیەنین. باشە ئێوە خۆتان نەتانوت، وەرن ئاشت دەبینەوە، بەگوێرەی ئێوە کە باسی ئاشتی دەکەن، باسی ئاشتی ناوخۆیی دەکەن، واتە شەڕێک هەیە! شوێنێک کە  شەڕی تێدانەبێت بۆچی باسی ئاشتی بکەین. ئەمە واتای ئەوەیە کە ئەمڕۆ شەڕێک هەیە و لە رێگەی باخچەلی، ئێوە داوای ئاشتی دەکەن. ئەردۆغانیش بە هەمانشێوە باسی کرد. ئێستا باسی شتێک دەکەن و دەڵێن تورکیای "بێ تیرۆر"، ئەگەر تیرۆر هەبێت، لە هەمو کەسێک زیاتر دەوڵەت لەو وڵاتە تیرۆری کردوە، تیرۆر یەکلایەنە نییە، لە جزیر بەنزیننیان کرد بە زۆر کەسمان بە زیندویی و سوتاندنیان و تیرۆری دڕندانەی بەمشێوەیەیان لە کوردستان بەڕێوەبردوە."

قەرەیلان وتوشیەتی"ئەگەر تورکیاش دەیەوێت شەڕ رابگیرێت، ئەگەر دەیەوێت ئاشتی دروست ببێت، پێویستە ئەویش لەلایەن خۆیەوە شەڕ رابگرێت، باشە بۆچی هێرش دەکەیتە سەر ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت لە داهاتودا شەڕ کۆتایی بهێنن، ئەمە جێگەی پرسیارە. هەمو کەسێک باش دەزانێت کە لەژێر ئەو هەمو درۆنی چاودێریی و هێرشەدا زەمینە و بارودۆخی کۆنگرە دروست نابێت و ئەرێنی نییە."

لەبارەی هەڵوێستی دەوڵەتی توركیا، قەرەیلان پێی وایە "قسەکانیان قسەی چارەسەر نین. قسەی تێکدانن. بۆ ئەوەی لەسەر بناغەی دیالۆگ پرسێکی 100 ساڵە چارەسەر ببێت، قسەی رەق و هەڕەشە و یەکلایە و ناڕاست، ناکەونە چوارچێوەی قسەی چارەسەر. ئەمانە دەبنە قسەی تێکدان. بە تایبەتی یاشار گولەر، واتە وەزیری بەرگری، ئێستا لە وەزیرێک دەچێت کە شەڕ بەڕێوەدەبات. قسەکانی ئەو قسەی تێکدانە. قسەی چارەسەر نییە. واتە هەم زانیاری ناڕاست بڵاودەکاتەوە بۆ رایگشتی، لەوانەیە زانیاری ناڕاست بدەنە سەرۆککۆمار و دەوڵەتیش، دەڵێن سەرکەوتین، دەڵێن پەکەکەمان لەناوبرد و کۆتاییمان پێهێنان لە تورکیا، وانییە، راستی بەمشێوەیە نییە."

جەختیشی كردۆتەوە "راستییەکە ئەمەیە کە ئەوان تاوەکو ئێستا بە شەڕ نەیانتوانیوە کە ئەم بزوتنەوەیە لەناو ببەن یان بێهێزی بکەن."

وتوشیەتی"بەگوێرەی بۆچونی ئێمە پێویستە تورکیا خۆی یەکلایى بکاتەوە. دیارە تاوەکو ئێستا لە چوارچێوەی دەوڵەتدا یەکلاییبونەوە نییە. یەکدەستی نییە. واتە ئەگەر دەتانەوێت کورد لەگەڵ ئێوە بێت و لەگەڵتان ئاشت بێتەوە، بە هەڕەشە و گوڕەشە نابێت. کورد مرۆڤی شەرەفمەندە. ئێمەی پەکەکە فیداکارین. کێ بەمشێوەیە رازی دەبێت و دێتە لای ئێوە. بۆیەش ئەو قسانەیان قسەی ئەم دۆخە نییە. قسەی شەڕە، رەوشتی شەڕە."

هەروەها وتوشیەتی"ئێستا ئەگەر ئەم دەوڵەتە دەیەوێت لەگەڵ ئێمە واتە لەگەڵ کورد کێشەکەی لە سەردەمی عوسمانییەوە یان لە 100 ساڵی کۆماری تورکیادا چارەسەر بکات، یان ئەگەر دەیەوێت تورکیا لەناو قەیراندا رزگار بکات و بیخاتە سەر رێرەوێک، پێویستە نە تەنیا زمانییان بگۆڕن، بەڵکو پێویستە نیازی خۆشییان بگۆڕن. عەقڵیەتییان بۆ کورد تەنیا دوژمنکارانەیە. پێویستە دەست لە عەقڵییەتەی دوژمنایەتییە بەردەن. ئەگەر ئەوان وانەکەن، ئێمە چۆن متمانەیان پێبکەین و واز لە چەک بهێنین. دەبێت بزانین ئیدی ئەوان دوژمنایەتی ناکەن. ئەگەر ئێمە بوین بە سڤیل هێرش نەکەنە سەرمان. پێویستە متمانەمان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانین چەک دابنێین. ئەمانە ئێستا خوێن لە دەمیان دەبارێت. باشە ئێمە چۆن دەتوانین ئێستا متمانەیان پێبکەین."

بۆیە ئێمە دەڵێین، ئەگەر عەقڵێکی سەلیم لە دەوڵەتدا هەیە کە بۆچونمان وایە هەیە، پێویستە رێگری لەمجۆرە قسە و لێدوانانە بگرن. هەروەها راستییەک دروست ببێت، واتە، لە زماندا، لە عەقڵییەتدا، سەردەمێکی نوێ بنیادبنێین. ئێمە بەشێوەیەکی ستراتیجی لەم پرسە دەڕوانین. رێبەر ئاپۆ ستراتیجی دەیبنینێت. ئێمەش بەشداری لە تێڕوانینی رێبەر ئاپۆدا دەبین. بەڵام بۆ گۆڕانکاری پێویستە ئەوانیش لە خۆیاندا گۆڕانکاری دروست بکەن. باشی ئێمە بینیمان کە هەندێک گۆڕانکاری لە دەوڵەت باخچەلیدا هەیە. رێبەر ئاپۆش ئەمەی وتوە، بەڵام دیارە کە لە یەکێکی وەکو یاشار گولەردا شتێک نییە. واتە هەر هیچ پەیوەندی بەوەوە نییە کە ئاشتی هەیە و لەنێوان گەلاندا متمانە دروست دەبێت. شتێکی بەو شێوەیە نییە. واتە ئەم قسانە بە تەنیا قورسییەک دروست دەکەن و هەوڵی تێکدانی پرۆسەکەن، بەڵام ئێمە ئەمجۆرە کەسانە زۆر بە گرنگ نازانین، ئێمە سەرنجمان لەسەر دەوڵەتە، ئەمانە بناغە نین. لە بنەڕەتدا ئەوانەی دەوڵەت بەڕێوەدەبەن، ئەوان بۆ ئێمە گرنگن.

لەبارەی كاریگەری بانگەوازەكەی ئاپۆ لەسەر رۆژئاوای كوردستان وتویەتی"من دەڵێم ئەگەر نامە و بانگەوازەکەی رێبەر ئاپۆ نەبوایە، لەوانەیە هەسەدە لەو چوارچێوەیەدا هیچ رێککەوتنێکی نەکردایە. لەوانەیە هەندێک شتی جیاوازتر رویبدایە. بە بۆچونی من کاریگەری بانگەوازەکەی رێبەر ئاپۆ لەسەر رێککەوتنی نێوان مەزلۆم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆکی حکومەتی راگوێزی سوریا دروست بوە."

هەروەك ئەوەشی وتوە"ئەگەر دەوڵەتی تورکیا لەناوخۆیدا مافی ناسنامەی گەلی کورد بناسێت و لەناوخۆیدا ئاشتییەک دروست بکات، ئەو کاتە هیچ هۆکارێک نامێنێت کە لەگەڵ کوردانی دەرەوەی سنورەکانی و پارچەکانی دیکەدا دوژمنایەتی بکات. بەڵام بێ ئەوەی مافی ناسنامە قبوڵ بکات و چەک دابنرێت، ئەوە مەترسی لەسەر هەمو بەشەکانی کوردستان دەبێت و بە تایبەتی باشوری کوردستان. بۆیەش ئێمە دەمانەوێت لەم قۆناغەدا تورکیا لەگەڵ کورد ئاشتییەکی راستەقینە بنیادبنێت. مافی ناسنامەی گەلی کورد قبوڵ بکات. ئەگەر ئەمە قبوڵ بکات، لەگەڵ گەلی کورد دەبێتە دۆست، ئێستا لەگەڵ هەندێک کورد دەڵێت ئێمە دۆستین، بەڵام ئەمە دۆستایەتییەکی تاکتیکییەو دەبێت کەس خۆی هەڵنەخەڵەتێنێت. بۆ ئەوەی کورد بەرامبەر کورد بەکاربهێنێت، پەیوەندی بەمشێوەیەی هەیە. بەڵام بۆ ئەوەی ئاشتی ناوخۆیی دروست ببێت، پێویستە سەرەتا کوردی ناوخۆ قبوڵ بکات. مافی ناسنامەی کورد قبوڵ بکات. ئێستا لەسەر ئەم بناغەیە چەکدانان قبوڵە، بەمشێوەیە نەبێت، قبوڵ نییە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×