وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو لێدوانانەی بەناوی چەند بەرپرسێكی عێراقییەوە لە رۆژانی رابردودا بڵاوكراونەتەوە سەبارەت بەوەی كە گوایە حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق لەبارەی پلانی كۆتایی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان گەیشتونەتە رێككەوتن، راست نین.
ئاوێنە: وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، لە چەند رۆژی رابردودا، چەند لێدوانێكی بەرپرسانی حكومەتی عێراقی بڵاوكراونەتەوە كە گوایە حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق لەبارەی پلانی كۆتایی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان لەنێو سنوری خاكی كوردستان و جوگرافیای هەرێمی كوردستان گەیشتونەتە رێككەوتن.
ئەوەشی خستۆتەڕو، دەمانەوێت بە رایگشتی كوردستانی و عێراقی بڵێین كە ئەو لێدوانانە راست نین و پێچەوانەی راستییەكانن.
وەزارەتی گواستنەوە وتویەتی، دوایین پەیوەندی رەسمییان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی فیدراڵ له 23-5-2024 بوەو وتوشیەتی، له‌و كۆبونه‌وە ئەرێنیانە‌ی له هه‌ولێر به سه‌رپه‌رشتیی ئانۆ جه‌وهه‌ر، وه‌زیری گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به ئاماده‌بونی یونس خالید جه‌واد، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كۆمپانیای هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری عێراق له وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی فیدراڵ و سه‌فا جه‌بار ناسر، به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆژه‌ی رێگه‌ی گه‌شه‌پێدان له وه‌زاره‌ته‌كه و برۆنۆ ترۆكا، به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكار له كۆمپانیای راوێژكاریی ئیتاڵی (BTP) و بیلال ئه‌لعه‌لی، راوێژكاری كۆمپانیا به‌ڕێوه‌چون، كۆنوسی تایبەت بە رێككەوتن پەسەندكرا.
بەپێی راگەیەندراوەكە، بە فەرمی ئەم کۆنوسە وەک نەخشە رێگایەکی هاوبەش دانرا بۆ گەیشتن بە بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە رێگەی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان لە هەرێمی کوردستان و ناوچە دراوسێکانی هەرێم و بەدواداچونی کار لە نزیکەوە لە نێوان هەردو وەزارەت و کۆمپانیای راوێژکاری و نوسینگەی راوێژکاری ئەندازیاری بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکە.
وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم وتوشیەتی"بڕیار وابو به پێی ئه‌و رێككه‌وتنه دوقۆڵییه، كۆنوسه‌كه بخرێته به‌رده‌م هه‌ر یه‌ک له محه‌ممه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی واژۆی له‌سه‌ر بكه‌ن." بەڵام "ئەوەی دوای چەند کاتژمێرێک لە واژۆکردنی کۆنوسەکە رویدا، چەندین نیشانەی پرسیاری لای وەزارەتەکەمان وروژاند، کاتێک تیمی وەزارەتی گواستنەوەی فیدراڵی بەشداری لە سەردانی مەیدانی نەکرد بۆ ئەو رێڕەوەی کە وەزارەتەکەمان پێشنیازی کردبو بۆ هێڵی ئاسن (شەمەندەفەر) و رێگای خێرای نێودەوڵەتی لە ناوچە دراوسێکانی کوردستان و ناوخۆی، هەروەها ئەوەی دوای سێ رۆژ لە واژۆکردنی کۆنوسەکە رویدا زیاتر شۆکهێنەر بو، کاتێک لەبری ئەوەی کۆنوسەکە پێشکەش بە سەرۆکوەزیران لە بەغدا بکرێت، کۆنوسەکە هەڵوەشێنرایەوە و خۆیان لێی دزییەوە".
هێمای بۆ ئەوەش كردوە"وەزارەتی گواستنەوەی عێراقی بە نوسراویان ژمارە (11 ک 3326) لە 26-5-2024، راسپاردە و پێشنیارە تۆمارکراوەکانی لە کۆنوسی کۆبونەوەی هاوبەش لە هەولێر و بە واژۆی بەڕێز وەزیر (رەزاق محێبس سەعداوی) و بەبێ هیچ رونکردنەوەیەکی پێشوەخت رەتکردەوە".
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر هەڵوێستی جێگیری حکومەت و وەزارەتەكەیان كردۆتەوە سەبارەت بەو رێڕەوەی کە وەزارەت پێشنیاری کردوە لە ناوچە دراوسێکانی هەرێم و لە خاکەکەیدا.