وتەبێژی ئەنەکەسە ڕایگەیاند، پێکهێنانی حکومەتی نوێی سوریا بەبێ کورد هەڵەیەکی گەورەیە و مافی کورد بە پێدانی ژمارەیەک پلە و پۆست دابین ناکرێت.
ئاوێنە: فەیسەڵ یوسف، وتەبێژی ئهنجومهنی نیشتمانیی كوردی سوریا (ئەنەکەسە)، بە میدیای پارتی راگەیاند، پێکهێنانی حکومەتی نوێی سوریا بەتەنیا بەس نییە، بەڵکو ئێمە دەمانەوێت ببینە هاوبەشێکی ڕاستەقینە لە حکومەتی نوێی سوریا، مافی کورد بە پێدانی ژمارەیەک پلە و پۆست دابین ناکرێت، بەڵکو دەمانەوێت مافی کورد لە سوریا لە حکومەتی نوێدا بەدەست بهێندرێت و پشت گوێ نهخرێت.
وتیشی: ئەحمەد شەرع، سهرۆكی قۆناغی ڕاگوزهر و ئهسعهد شهیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا لە لێدوانەکانیاندا دڵگرانی و پەرۆشی خۆیان بۆ کورد دەردەبڕن، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێوەی کرداری هیچیان نهكردوه، پێکهێنانی حکومەتی نوێی سوریا بەبێ هەر پێکهاتەیەک یان پشتگوێخستنی هەڵەیەکی گەورەیە.
جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە ماف و داخوازییەکانی گەلی کورد لە سوریا پشتگوێ نەخرێن، بهڵكو كورد ببێته بەشدارێكی کارای سیاسی سوریای نوێ.