پارتی یەكێتی دیموكرات-پەیەدە رایگەیاند، ئەو حكومەتە كاتییەی دوێنێ لەلایەن دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشقەوە پێكهێنراوە، بەبێ راوێژكردن بوە بە هەر لایەنێكی دیكەی سوری و داوا دەكات پێداچونەوەی پێدا بكەن. دەشڵێت، ئەو بەرگەی دەسەڵاتی نوێی دیمەشق دەیدورێت بۆ بەری گەلی سوریا تەسكە.
ئاوێنە: ئەنجومەنی گشتیی پارتی یەكێتی دیموكرات-پەیەدە، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا پێكهێنانی حكومەتی نوێی سوریای لەلایەن دەسەڵاتدارانی دیمەشقەوە بە درێژەدان بە رەفتارەكانی پێشویان ناوبردوە.
پەیەدە وتوشیەتی، پێكهێنانی حكومەتەكە بەبێ راوێژكردن بوە بە هەر لایەنێكی دیكەی سوری. ئەوەشی خستۆتەڕو، دەسەڵاتدارانی دیمەشق بانگەشەی ئەوە دەكەن كە حكومەتەكە نوێنەرایەتی تەواو سورییەكان بە پێكهاتەو جوگرافیا جیاوازەكانی وڵاتەكەوە دەكات، بەڵام دەسەڵاتدارانی دیمەشق هەڵساون بە دیاریكردنی ئەوانەی كە خۆیان دەیانەوێت بۆ دانانیان لە حكومەت نەك ئەوانەی كە خەڵك دەیەوێن، واتە گەلی سوریا ناچارە هەرچی دەسەڵاتدارانی نوێ دەیدورن لەبەری بكات.
جەختیشی كردۆتەوە كە ئەو بەرگەی دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق دەیدورن بۆ بەری گەلی سوریا تەسكەو لەگەڵ سروشت و واقیعی گەلی سوریادا نایەتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، بۆیە داوا لە دەسەڵاتدارانی نوێ دەكەین پێداچونەوە بە تەواوی بڕیارەكانیاندا بكەن، لەوانە دەستوری كاتی و ئەو حكومەتەی كە پێكهێنراوەو داواش دەكەین گەلی سوریا هاوبەشێكی راستەقینە بێت لە بونیاتنانی سوریای نوێداو هەر لە سەرەتاوە رێگە بە شێواندن نەدات، گەلی سوریا لەپێناو سوریایەكی دیموكراتی و شارستانی خەباتی كردوە، كە تێیدا هەموان بەشداربن لە بڕیاری سیاسیدا.