وەزارەتی دارایی هەرێم لە وەڵامی لێدوانی پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هێشتا بەغدا پشكی هەرێمی كوردستانی بۆ هەڵمەتی كوتانی سورێژە خەرج نەكردوە كە بڕەكەی زیاتر لە یەك ملیار دینارە.
ئاوێنە: وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا وەڵامی وەزیرە ئەحمەد، پەرلەمانتاری نەوەی نوێی لە پەرلەمانی عێراق داوەتەوە كە وتبوی، بەغدا زیاتر لە یەك ملیار دیناری بۆ هەڵمەتی كوتانی سورێژە بۆ هەرێم خەرج كردوە، بەڵام پارەكە لە هەرێمی كوردستان خەرج نەكراوە.
وەزارەتی دارایی هەرێم لەوبارەیەوە وتویەتی، لەنوسراوی فەرمانگەی بودجە لە وەزارەتی دارایی عێراقدا هاتوە بە گواستنەوەی گوژمەی تەرخانکراو (المناقلە) بەبڕی نۆ ملیار و 90 ملیۆن و 765 هەزار دینار لە بودجە بۆ فەرمانگەی ژمێرکاری تایبەت بە هەڵمەتی کوتان لە سەرتاسەری عێراق.
وتوشیەتی، پشکی هەرێمی کوردستان لەو هەڵمەتە بریتییە لە یەك ملیارو 78 ملیۆن و 294 هەزار دینار کە لە سێ بڕگەدا خۆی دەبینێتەوە لەوانە (پاداشتی تیمەکان و کرێی هاتوچۆ و خەرجی هاتوچۆ).
وەزارەتی دارایی هەرێم وتوشیەتی"پێویستە ئەو پەرلەمانتارە و هاوشێوەکانی بەئاگابێنەوە تەرخانکردن جیاوازە لە تەمویل کردن، هێشتا یەک دیناری ئەو پارەیەی تەرخانکراوە لەلایەن فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراقەوە نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان، دوای بەدواداچونی بەردەوامی تیمی تەکنیکیمان لەبەغدا، لەلایەن فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراقەوە پێیان ڕاگەیەندراوە کە ئەو پارەیە لەسەر بودجەی ساڵی 2025 خەرج دەکرێت."
وەزارەتەكە جەختی كردۆتەوە كە لەگەڵ ناردنی ئەو بڕە پارەیە لە بەغداوە ڕاستەوخۆ دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی تەندروستی تا بەسەر تیمەکان دابەش بکرێت و لێدوانی پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێشی بە "درۆی شاخدار" ناوبردوە.